تۆ لێرەیت: ErbilChamberئابووریوتاركوردستان چۆن خۆی لە بەڵای نەوت ڕزگار دەكات

كوردستان چۆن خۆی لە بەڵای نەوت ڕزگار دەكات

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ وتار پێنج شەممە, 21 ئایار 2015 07:24
بە گوێرەی داتاكان كوردستان خاوەنی (45) ملیار بەرمیل نەوت و سەرووی (100) تریلیۆن مەتر سێجا گازە و لە رووی یەدەگی نەوتەوە لە  پلەی هەشتەم دێت لە جیهاندا و یەدەكەكەی زیاترە لە وولاتیێكی وەك (لیبیا). كورد ئەگەر پێشتر هیچ دەورو دەسەلاتێكی بە سەر دەرهینان و فروشتن و ئاراستەكردنی داهاتی نەوتەكەی نەبوو، بەڵام نەوتەكەی ببووە هۆكاری گەلەكومەی نیودەولەتی و ئامرازی سەركوتكاری و كاولكردنی وولاتی و هێنانەكایەوەی نەهامەتی بۆ دانیشتووانەكەی. ئێستا تا رادەیەكی زۆر نەوتەكەی كەوتووتە ژێر دەسەڵاتی خودی كورد، بۆیە دەبی بیر لەوە بكرێتەوە كە چۆن نەوتەكەی بەكاربهینیت. دەكرێت دوزینەوەی نەوت لە ولاتێك ببێتە مایەی دەردەسەری و نەهامەتی بۆ  وولاتی خاوەن نەوت و یان ببێت بە ئامرازێك بو پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی  بۆ خەڵك و وولاتیەكە. ئەگەری روودانی هەردوو سیناریویەكە هەیە لە كوردستانیش، بریاردان لە سەر ئەوەی كە كامە سناریۆ لە كوردستان روو دەدات دەوەستێتە سەر ئەوەی كە چۆن پلان و ستراتیژێك دابنرێت بۆ چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان و دەشێت هەریەكە لەم دوو سیناریویە لە كوردستان دووبارە ببنەوە.
دەرفەتێكی باش لە بەردەم كوردستان هەیە كە ئەزمونە باشەكە تاقی بكاتەوە لە جیاتی ئەزموونە خراپەكە، چونكە كوردستان لە قوناغێكدا نەوتەكەی دەرهێناوە كە ئەزموونی جیاوازی وولاتیان جیاوازی لە بەرچاوە كە چون هەریەكەیان هەمان سەرچاوەی سروشتی خۆیان بە شێوازی جیاواز بە كارهێناوە، هەندێكیان بۆ خوشگوزەرانی و پەرەپێدان  و بۆ هەندێكیشیان بووەتە مایەی بەڵا و نەهامەتی، نمونەش بۆ ئەمە دوو ئەزمونی جیاواز دەتوانین بەراوردی نێوان وولاتیانی  وەك (نەرویچ یان ئەمەریكا) لەگەڵ  (سعودیا و كوەیت) لە ئاسیا یان (سودان و لیبیا) لە ئەفریقا یان (ڤەنزوێلا) لە ئەمریكای باشوور بكەین. ئەم وولاتیانە هەموویان وولاتی دەولەمەند بە نەوتن و هەریەكەیان ئەزمونی زور جیاوازییان لەگەڵ نەوت هەیە. بۆیە كوردستان دەتوانێت بەراوردی هەردوو ئەزموونی جیاواز بكات و سیاسەتی نەوتی خوی بەشێوەیەك دابرێژیت كە ببێتە نمونەیەكی وەك نەرویج. لێرەدا كومەڵێك رێگا هەن كە دەكرێت لە رێگای پەیڕەوكردنیان كوردستان خۆی بگەینێتە ئاستی پێوەڕەی باش و دروست لە رووی بەكارهێنانی داهاتی نەوتەكەی بە جۆرێك كە ببێتە هۆی پێشكەوتنی وولاتی و مایەی دڵنیایی بۆ خەڵكەكەی.
وا باشترە كە كوردستان خۆی دوور بگرێت لە سیاسەتە دابەشكردنی راستەوخوی داهاتی نەوت بە شێوەی پارەی خاو و كاش بە سەر هاوولاتییان. دابەشكردنی ڕاستەوخۆی داهاتی نەوت بەسەر هاوولاتییان دەكرێت ببێتە ئاراستەكردنی خەڵك بۆ رووكردنە ژیانی تەفریهی و دوور لە كاركردن و داهینان و نمونەی ئەم سیناریویە لە زۆر لە وولاتیانی كەنداو بە ئاشكرا هەیە. حكومەت و هاوولاتییانی هەندێك لەو وولاتیانە بە رادەیەك پشتیان بەستووە بە داهاتی نەوت كە تەنانەت هەندێكجار هەرزانبوونی نرخی نەوت یان پەككەوتنی بورییەكی نەوت نزیكیان دەكات لە هەرەسهینان جا چ كار بگاتە نەمانی نەوت. بویە باشتروایە كە  لە جیاتی دابەشكردنی داهاتی نەوت لەم شێوەیە، ئەوا پارەكە بە شێوەی دیكە بۆ خۆشگوزەرانی هاوولاتییان بەكاربێت و ئەمەش لە شێوەی بەكارهێنانی ئەم داهاتە لە رەخساندنی دەرفەتی كار، بەرەوپێشبردنی كەرتەكانی پەیوەست بە خوشگوزەرانی ژیانی هاوولاتییان وەك تەندروستی و رێگاوبان و هەر بوارێكی دیكەی پەیوەست بە ژیانی روژانەی دانیشتوانی هەرێم. بە شێوەیەك كە هەر تاكێكی كۆمەڵگا لە ژیانی رۆژانەیدا هەست بە بەرهەمی دراوی بەدەستهاتوی نەوتی وولاتی بكەن. 
- رێگا گرتن لە خراپ دابەشبوونی داهاتی نەوت بە نایەكسانی لە نێوان هاوولاتییان و دروستبوونی چینایەتی لە كوردستان. وەك ئەوەی لە هەندێك وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت دروست بووە و هەندێك خەڵك لەوپەری دەوڵەمەندی و هەندێكی دیكە لە خوار هێلی هەژاری دەژین. بۆ نمونە بە گوێرەی ئامارەكان لە وڵاتێكی وەك عەرەبستانی سعودیا زیاتر لە یەك لە سەر چواری خەڵكەكەی لە ژێر هێلی هەژاریدا دەژین، ئەمە لە كاتێكدایە كە  تەنیا لە ساڵی (2013) داهاتی ئەم وڵاتە لە نەوت (274)ملیار دولار بووە و دانیشتووانی رەسەنەكەی تەنیا نزیكەی (28)ملیون كەسە. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە كە چۆن دەكرێت داهاتی نەوت تەنیا بكەوێتە دەست چینێكی دیاریكراو و دروستبوونی ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی لە وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت.  
داهاتی نەوت لەو بوارانە خەرج نەكرێت كە هیچ دەوریان نەبێت لە پێشخستنی وڵات. تەنیا ئەوە نەبێت كە هەرچی سامانی سروشتی وڵات هەیە بە بۆڕی و رێگای دیكە بنێردرێتە وڵاتیانی خاوەن پیشەسازی، بەڵكو پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ بەكارهێنانی نەوت و  داهاتی نەوت یان بەرهەمەكانی نەوتەكە بە راستەوخۆ یاخود ناراستەوخۆ لە بوژانەوە و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری وڵات و  وەكو سەرچاوەی ووزە بو پێشخستنی كەرتەكانی وەك پیشەسازی و كشتوكاڵ و سیكتەرەكانی دیكە بەكاربهێنرێت و ئەمەش لەپێناو كەمكردنی پشتبەستن بە داهاتی نەوت لە لایەك و لەلایەكی دیكە بۆ هەنگاونان بەرەو بە پیشەسازیكردنی وڵات. لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كۆی نزیكەی (10) ملیون بەرمیل نەوتی بەرهەمهاتووی رۆژانە هەمووی لە مەكینەی ئابووری وڵاتەكە بەكاردێت كە وڵاتەكەی كردووتە زلهێزی پیشەسازی جیهان. بۆیە وا باشترە پێش ئەوەی كوردستان دەست بە خەرجكردنی پارەی نەوتەكەی بكات ئەوا هەوڵ بدات بەشێكی زۆری داهاتی بەدەستهاتووی نەوتەكەی بۆ ماوەیەكی درێژ لە بواری سەرمایەگوزاری لە كەرتەكانی دیكە بەكاربهێنێت و دواتر بەرهەمی ئەم سەرمایەگوزاریانە خەرج بكات. بە جێبەجێكردنی ئەم پلانە ئەوا جگە لەوەی كە ژێرخانێكی ئابوری بەهێز و سەرچاوەكانی داهات بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەبێت ئەوا دەبێتە هۆی رەخساندنی هەزاران دەرفەتی كار بۆ دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لەو كەرتانە.
تەرخانكردنی بەشێك لە داهاتی نەوت بۆ چاككردنەوەی  ژینگەی كوردستان،  بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانەی كە بەهۆی دەرهێنانی نەوتەوە تووشی دارو و بەرد و خاك و ئاو و هەوای وولاتەكە بە گشتی و بە تایبەتی ئەو شوینانەی كە نزیكن لە كێلگە نەوتییەكان دەكەوێت. پێویستە جگە لە دابینكردنی بڕە پارەیەكی زیاتر بۆ ئەو شوێنانەی كە كێلگەی نەوتیان تیایدایە ئەوا بودجەیەكی تایبەتیش دابین بكرێت بۆ چاككردنەوەی ژینگەی ئەو شوێنانە، چونكە   دانیشتوونی ئەم شوێنانە زیاتر زەرەرمەند دەبن لە چاو شوێنەكانی دیكە. پێشتر بینیومانە كە ئەو پارێزگایانەی كە لە عێراق نەوتیان هەبووە و تەنیا دووكەل و پاشماوە زیانبەحشەكانی نەوت بۆ ئەو شوێنانە بووە و داهاتەكەی بۆ شوێنەكانی دیكە.
دانانی سندووقێك بۆ خەزنكردنی پارەی نەوت بۆ نەوەی داهاتوو. بۆ نمونە وڵاتی نەرویچ، لە كاتێكدا كە زۆر وڵاتی خاوەن نەوت ڕوژانە خەریكی بەردەوام خەرجكردنی داهاتی نەوتەكەیانن ئەوا ئەم وولاتە خەریكی خەزنكردنی داهاتی بەدەستهاتووی فرۆستنی نەوت و گازەكەیەتی لە سندووقێكی سەربەخۆ. وڵاتەكە ئێستا خاوەنی نزیكەی (800) ملیار دولاری یەدەگە كە زۆربەی زۆری لە داهاتی نەوتەوە هاتووە و ئەگەر ئەم بڕە پارەیە دابەش بكرێت بەسەر دانیشتووانە پێنج ملیونیەكەی ئەم وڵاتە ئەوا هەر تاكێك نزیكەی ملیون و نیو دۆلاری بەردەكەوێت. ئەم پارەیە بۆ نەوەكانی داهاتووی ئەم وڵاتە دانراوە و دەكرێت رۆژ بە رۆژ ئەم یەدەگە زۆرتر بێت و پارەكەش بە زۆری لە سەرمایەگوزاری بە كاردێت. 
 
ئیحسان هاشم
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 1550 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌

كۆممێنت بنووسه‌

بڵاوکراوه‌کان

ڕۆژنامه‌ی بازرگانی سه‌رده‌م

ڕێبه‌ری ژوور

هه‌واڵی چاوه‌ڕوانكراو

سەرۆكی ژوور بەشداری لە كۆنفڕانسی هانۆڤەر بۆ وەبەرهێنان دەكات

  بە ئامادەبوونی د. عەلی سندی وەزیری پلاندانان، د...

«
»
« March 2020 »
Mon Tue Wed Thu Fri Sat Sun
            1
2 3 4 5 6 7 8
9 10 11 12 13 14 15
16 17 18 19 20 21 22
23 24 25 26 27 28 29
30 31          

نرخی دراو

نرخی دراو

کەشوهەوای هه‌ولێر

ئاگاداری

Copyright © 2012 Erbil Chamber. All Rights Reserved. سه‌ره‌وه‌ ↑