ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

راوێژکارى جێگرى سەرۆکى نێردراوى سەفارەتى هۆلەندا سەردانى ژوور دەکات

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌رشیفی ماڵپه‌ڕی پێشوو یەک شەممە, 22 ئازار 2009 00:00
رۆژى یەک شەممە 22/3/2009 دارا جەلیل خەیات سەرۆکى ژوور و ژمارەیەک لە ئەندامانى ئەنجوومەنى کارگێرى پێشوازیان کرد لە ارنستو برام راوێژکارى جێگرى سەرۆکى نێردراوى سەفارەتى هۆلەندا لە بەغدا کە بە مەبەستى دانانى بنەمایەکى پەیوەندى بەتین لەگەل ژوورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێر سەردانى ژوورى کرد. لە دانیشتنێکدا کە زیاتر لە یەک کاتژمێرى خایاند گەلێک بابەت خرانە بەرباس و گفتوگۆ.. سەرەتا دارا جەلیل خەیات کورتەیەکى دەربارەى ژوور و مەبەست و ئامانجەکانى خستە روو، دواتر ئاماژەى بەو کاروچالاکیانە کرد کە لە ماوەى تەمەنى بۆردى ئێستاى ژوور ئەنجامیان داوە کرد و باسی لەو پرۆتۆکۆل و رێککەوتننامانە کرد کە ژوور لەگەل زۆربەى هاوشێوەکانى لە ولاتانى دەرەوە ئیمزاى کردوە بە مەبەستى خزمەت گەیاندن بە بازرگان و پیشەساز و وەبەرهێنەران لە کوردستان لەو ولاتانەى کە پەیوەندیان لەگەلدا ئیمزا کراوە، هەروەها ئەم سەردانەى (ارنستو برام) ى بە گرنگ لە قەلەمدا و ووتى ئەم جۆرە سەردانانە سەرەتایەکن بۆ چوونە ناو گفتوگۆکردن و دروستکردنى پەیوەندى و رێگە خۆش دەکات بۆ بەشداریکردنى کۆمپانیاکانى هولەندا لە پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى کوردستان و ئەنجامدانى وەبەرهێنان، لە درێژەى قسەکانیدا دەرفەتەکانى وەبەرهێنانى لە کوردستان روون کردەوە و تەئکیدى لەسەر لایەنى کشتوکالى و پیشەسازى و خۆراکى کرد لە کاتێکدا کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەرنامەى ئێستایدا بایەخى زۆر بە پرۆژەى کشتوکالى و پیشەسازى کشتوکالى دەدات ئەمەش بۆ کۆمپانیا هۆلەندیەکان گرنگە چونکە هۆلەندا تاقیکردنەوەى باشى لەو بوارەدا هەیە. دواتریش یەکە یەکەى ئامادەبوان خۆیان ناساند و باسیان لە کۆمپانیا و تایبەتمەندێتى کارەکانیان کرد... ارنستو برام لە میانەى گفتوگۆکانیدا باسى لە نیازى کۆمپانیا هۆلەندیەکان کرد بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان و ئەم سەردانەى بە دەروازەیەک بۆ دروستکردنى پەیوەندى لەگەل هەرێم و پەیوەندى لە نێوان بازرگان و پیشەسازانى هۆلەندى و کوردستانى وەسفکرد. وا چاوەروان دەکرێت پەیوەندى ژوور لەگەل هۆلەندا بەگشتى و ژوورە بازرگانیەکانى هۆلەندا بە تایبەتى لە ئایندەیەکى نزیکدا بچێتە قۆناغێکى تازەوە.
ئه‌م بابه‌ته‌ 3473 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌