تۆ لێرەیت: ErbilChamberبابه‌ت فلته‌ر كراوه‌ به‌پێی به‌روار: سێ شەممە, 11 تشرینی یەکەم 2016
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
رێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاك نێچیرڤان بارزانی
بەڕێزان وەزیران و پەرلەمانتاران و مێوانان و ئامادەبوان
بەخێرهاتنێكی گەرمتان دەكەم و خۆشحالین بە ئامادەبوونتان لەم كۆنفرانسە دەربارەی ( رۆڵی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووری كوردستان ) 
بەڕێزان :
ئامادەبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستێكی زۆر بەرز لەم كۆنفرانسە و بەشداریكردنیان لە گفتوگۆ و تەوەرەكان نیشانەیەكی ئومێد بەخشە بەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی پێویست بە پەرەپێدانی ئابووری كوردستان دەدات . مەبەست لە سازدانی ئەم كۆ نفراسە دەستنیشان كردنی خاڵە بەهێز و لاوازەكانی ئابووری كوردستانە، وچۆنیەتی پەرەپێدانی رۆڵی كەرتی تایبەتە. هیوادارین لە كۆتایی ئەم كۆنفراسە دەرئەنجام و راسپاردەی بەسوودمان هەبێت بتوانین ئابووری وڵاتەكەمان بە باشترین شێوە پێشبخەین.  
كۆنفرانسەكەمان ئەم بابەتانە لە خۆ دەگرێت :
• هاوبەشكاری هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی بۆ پەرە پێدانی ئابووری
• ئیدارەدانی قەیرانی  ئابووری
• ژینگەی كار و وەبەرهێنان لە كوردستان
• فێركردن و راهێنانی پیشەیی بۆ پەرەپێدانی كەرتی تایبەت
• دوای نەوت : پەرەپێدانی ئابووری جێگرەوە
• پەرەپێدانی كەرتی تایبەت لە خوێندنی باڵا
هەروەك ئاشكرایە لە وڵاتان  گەشەكردن و پێشكەوتنی ئابووری كارێكی دوو لایەنەیە لە نێوان حكومەت و كەرتی تایبەت، رۆڵی حكومەت   یارمەتیدان و فەراهەمكردنی ئاسانكاری و هەمواركردنی یاسا و رێساكانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە   و پلانەكان   بە بەشداری نوێنەرانی كەرتی تایبەت ، ئنجا كەرتی تایبەتیش رۆڵی سروشتی و تواناكانی خۆی كارا بكات  لە بەر رۆشنایی ئاسانكاریەكانی حكومەت لە بەشداریكردن لە بنیاتنانی ئابووری  و دروستكردنی هەلی كاری بۆ هاووڵاتیان.
ئامادەبووانی بەڕێز :
كەرتی تایبەتی نیشتمانی  زۆر نیگەرانە لەو رەوشە ئابووریەی هەرێمی كوردستان  كە باری  حكومەت و كەرتی تایبەتیشی زۆر قورس كردوە   ، بەڵام ئاسۆ روونە ئەگەر هەمووان هاوكار بین لە گەل یەكتر بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئەم رەوشە و بنیاتنانی بناغەیەكی ئابووری بتەو .
بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت كاریگەر بێت لە هەرێمی كوردستان, پێویستمان  بە هاوكاری حكومەتی هەرێم هەیە لە هەموار كردنی یاساو رێساكان بە راوێژكردن لە گەل كەرتی تایبەت ، چونكە نوێنەرانی كەرتی تایبەت بە باشی دەتوانن دەستنیشانی كێشەكانیان بكەن بیرۆكەشیان هەیە بۆ چارەسەركردن.
بەڕێزان :
بۆ بنیاتنانی ئابووری  بەهێز كە خۆ راگر بێت بەرامبەر گۆڕانكاری و مەترسیە ئابووریەكان وا پێویست دەكات  بناغەی ئابووریمان هەمەجۆر بێت و  تەنها پشت نەبەستین بە نەوت  وبیر لە جێگرەوەی نەوت بكرێتەوە  چونكە وەك ئاشكرایە بازاڕی نەوت جێگیر نیە و  ئەو ئابووریەی تەنها پشت بە نەوت ببەستێت هەردەم  لە بەرز و نزمی دایە ، بۆیە وا باشە بەشێك لە داهاتی نەوت لە پەرەپێدانی كەرتەكانی تری ئابووری خەرج بكرێت بۆ ئەوەی گۆڕانكاریە ئابووریەكان كاریگەری زۆری نەكەنە سەر .
 هەرێمی كوردستان زۆر دەوڵەمەندە  لە سامانە مرۆیی و سروشتیەكان  :
• هێزی كار و كارامەی  باشمان هەیە 
• خاكی بە پیت و فراوانمان هەیە 
• سەرچاوەی ئاوی  هەمە جۆرمان هەیە 
بۆیە وا پێویست دەكات ئاوڕەێكی جدی لە چاڵاكیە كشتوكاڵیەكان  بدرێتەوە وەك بازنەیەكی تەواوكار  لە بەرهەمهێنان تا دەگاتە دروستكردنی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان ( Agro – Industry ) چونكە هەرئابووریەك  بەرهەمهێنان و دروستكردنی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان بنەمای بێت  هەردەم لە گەشەكردندایە
ئەمە لە لایەك لە لایەكی تریش بناغەی پیشەسازی باشمان هەیە دەتواندرێت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن  بكرێتە یەك لە بنەما ئابووریە بەهێزەكان  بۆ هەرێمی كوردستان چونكە :
• مادەی خاوی سروشتیمان هەیە
• هێزی كاری راهێنراومان هەیە و دەتواندرێت كارامەییان زیاتر بكرێت
• بناغەی پیشەسازی گونجاومان هەیە
• لە كاتی ئێستادا بەرهەمی پیشەسازی نیشتمانی كوالێتی باشمان هەیە بەڵام پێویستی بە پارێزبەندی هەیە
هەروەها  بنەمایەكی تری ئابووری بتەومان هەیە ئەویش كەرتی گەشت و گوزارە پێویستە بە باشی وەگەر بخرێت ، چونكە :
• هاوینە  و زستانە هەواری جۆراو جۆرمان هەیە
• سروشتی جوان و سازگارمان هەیە
• كەش و هەوای جۆراو جۆرمان هەیە
هەروەها پێویستە ئاوڕێكیش لە كەرتی بازرگانی ناوەخۆ و دەرەوە بدرێتەوە بە پەیرەوكردنی سیاسەتێكی ئابووری و  كە خزمەت بە هاوڵاتیان و پرۆسەی هاوردەكردن بكات و یاساو رێسای تایبەت بەم بابەتە دەربكرێت
ئامادەبوانی بەڕێز بە گشتی هەرێمی كوردستان سەرچاوەی   تریشی هەیە دەتواندرێت بكرێنەبنەمای ئابووری رەنگە بوار نەبێت لێرەدا باس بكرێن .
 بنیاتنانەوەی ئابووریمان سەرەڕای ئاسانكاری و هەمواركردنی یاساو رێساكان بۆ ئەوەی بارگران نەبن و زیاتر هانی وەبەرهێنی دەرەوە بدریت بێنە كوردستان بۆ بەشداریكردن لە گەل  كەرتی تایبەتی نیشتمانی پێویستمان بە سستمێكی بانكی و دڵنیایی كارا هەیە  كە هاندەر بێت لەم بوارە لە گەل سستمی باج و گومرگی دادپەروەرانە.
لە هەمانكاتدا نابێت بنەمایەكی گرنگی بنیاتنانەوە ئابووری لە بیر بكرێت ئەویش بەشداریكاری هەردو كەرتی گشتی و تایبەتە PPP لە كوردستان  بۆ ئەوەی  رۆڵی گرنگی بە هاوبەشی  بگێڕن .
 
بەڕێزان : 
 دەمەوێ‌ ئەوە روونبكەمەوە كە كەرتی تایبەتی نیشتمانی هاوخەمە لە گەل حكومەتی خۆمان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەو بنیاتنانی ئابووریەكی بە هێز بۆ ئەوەی داهاتووی میللەتەكەمان  مسۆگەر بكەین و كەلتوورێكی جیاواز پەیرەو بكرێت ئەویش بە هاندانی دەرچوانی دامەزراوە زانستی و پیشەییەكانە بەرەو كەرتی تایبەت و چیتر فشار نەخرێتە سەر دام و دەزگە فەرمیەكان بۆ دامەزراندنیان ، لێرەش  داوا لە دەزگا پەیوەندارەكانی فێركردن و راهێنانی پیشەیی دەكەین  كە بابەتەكانی فێركردن و راهێنانی پیشەیی یەكبگرێتەوە لە گەل پێویستی بازاڕی كار و ئامادەین هاوكاریان بین لەم  بابەتە
لە كۆتاییدا دەبێت ئەوە بوترێت كەرتی تایبەتی نیشتمانی چاوی بڕیوەتە ئەوەی كە رۆڵی نیشتمانی خۆی  بسەلمێنێت لە بنیاتنانەوەی ئابووریمان و بەشداریەكی كاراتر بكات لە جێبەجێكردنی پلانەكانی حكومەتی كوردستان و كەمكردنەوەی بێكاری . 
دەبێت ئەوەش ئاشكرا بكەین كە رەنگە هەوراز و نشێومان بێتە پێش بەڵام بە هاوكاری حكومەت ئامادەین شانبدەینە بەر ئەم كارە قورسە
لە كۆتاییدا دووبارە بەخێرهاتنی ئامادەبووان  ومێوانان  دەكەم كە لە وڵاتانی عەربی و دەورەبەرو ئەوروپا تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریكردنمان لەم كۆنفرانسە هیوادارین هەوڵی هەموان لە بەرژەوەندی گەلەكانمان  بێت
زۆر سوپاس
 
بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ
بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وە بە ئامادەبوونی بەڕێزان نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق، عەدنان قەسار سەرۆكی فەخری یەكێتیی گشتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی وڵاتانی عەرەبی و د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان، وە ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی ناوخۆ و بیانی و باڵیۆز و نوێنەران و كونسوڵی وڵاتانی عەرەبی و بیانی، ژمارەیەكی زۆر لە بازرگانان و خاوەن كارانی ناوخۆ و دەرەوە وە ژمارەیەكی بەرچاو لە كەناڵەكانی راگەیاندنی ناوخۆ و دەرەوە، رۆژی 9/10/2016 لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر سێیەمین كۆنفڕانسی ئابووری لە لایەن یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی دوو رۆژ دەستی پێكرد.
دوای لێدانی هەردوو سروودی نیشتمانی عێراقی و كوردستانی وتاری بەخێرهێنان لە لایەن د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان پێشكەشكرا كە تیایدا باسی لە مەبەستی لە سازدانی ئەو كۆنفرانسە كرد، وە نیشانكردنی خاڵە بەهێز و لاوازەكانی ئابووری و چۆنیەتی بەرەوپێشەوەبردنی كەرتی تایبەتی لە هەرێمی كوردستانی روونكردەوە.
سەرۆكی ژوور وتیشی: هیوادارم لە كۆتایی كۆنفرانسەكەدا دەرئەنجام و راسپاردەی بە سوودمان هەبێت و بتوانین ئابووری وڵاتەكەمان بە باشترین شێوە پێش بخەین.
سەرۆكی ژوور لە وتەكەیدا گشت پەنێلەكانی ئەم كۆنفڕانسەی بۆ ئامادەبووان باس كرد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: گەشەكردن و پێشكەوتنی ئابووری كارێكی دوو لایەنەیە لە نێوان حكوومەت و كەرتی تایبەت.
د. دارا باسی لەوەشكرد، بۆ بوژانەوە و پەرەپێدانی ئابووری پێویستە گرنگی زیاتر بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی بدرێت.
دواتر نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر وتەیەكی پێشكەش كرد تیایدا باسی لە گرنگترین ئەو پرۆژانە كرد كە حكومەتی هەرێمی كودستان بە هاوكاری كەرتی تایبەت لە چەند ساڵی رابردوو توانیویەتی وەبەرهێنانێكی فروان بكات، كە تەنیا لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە 24 میلیار دۆلار كەرتی تایبەت وەبەرهێنانی كردووە كە ئەمەش دەكاتە لە 65% وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان. نەواد هادی وتیشی، پێویستە دەسەڵاتی زیاتر بدرێتە ئیدارە خۆجێییەكان بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت زیاتر گەشەسەندن بەخۆیەوە ببینێت.
زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق لە وتەكەیدا باسی لە گرنگترین ئەو هۆكارانە كرد كە ئێستا بونەتە هۆی قەیرانی ئابووری و دارایی لە هەرێمی كوردستان كە شەڕی تیرۆرستانی داعش و دابەزینی نرخی نەوتی بە گرنگترین هۆكار وەسف كرد، وتیشی دڵنیام كە خەڵكی هەرێم و حكومەتەكەی بەسەر ئەم كێشانە زاڵ دەبن و دوارۆژێكی پڕشنگدار چاوەڕێیان دەكات. 
باڵیۆزی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق هەر سەبارەت بە ئابووری هەرێمی كوردستان داوای بەهێزتركردنی كەرتی تایبەت كرد و پێی وایە فاركتەرێكی سەرەكی بووە بۆ پەرەپێدانی ئابووری هەریم و دەبێتە هۆی سەقامگیر بوونی ئابووری كوردستان و پێشخستنی.
ئەوەشی خستە روو: نەبوونی سیستەمێكی پێشكەوتووی بانكی و دارایی بە كێشەی سەرەكی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەزانێت و پێویستە وەبەرهێنەران و خاوەن كاران و بازرگانانی بیانی هان بدرێن بۆ ئەوەی روو لە هەرێم بكەن و سەرمایەكانیان لێرە بەگەڕ بخەن.
هەر لەم كۆنفڕانسەدا عەدنان قەسار سەرۆكی فەخری یەكێتیی گشتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی وڵاتانی عەرەبی وتەیەكی پێشكەش كرد شانازی كرد بەوەی كە لە هەرێمی كوردستانە و رایگەیاند: كوردستان گەشە و پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، وتیشی رۆڵی كەرتی تایبەت لە دەربازبوون لەم قەیرانە زۆر گرنگە. ئەوەشی خستە روو كە لە داهاتوودا لقێكی یەكێتیی گشتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی وڵاتانی عەرەبی لە شاری هەولێر دەكەنەوە.
رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە سەرپەرشتی ئەم كۆنفڕانسەی كرد وتەیەكی پێشكەش كرد رایگەیاند: حكوومەت لە هەوڵی ئەوەدایە خزمەتگوزاری گشتی هەنگاو بە هەنگاو بداتە كەرتی تایبەت بۆ ئەوەی هەلی كاری زیاتر بڕەخسێنێت لە هەمان كاتیشدا حكومەت پاڵپشتی و هاوكاریان دەبێت.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتی: كەرتی تایبەت رۆڵی گرنگی هەیە و سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانیكردنە لە كەرتی تایبەت.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: سەرەڕای بوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان كەرتی تایبەت نەیهێشت جوڵەی بازرگانی بوەستێ، رۆڵی كەرتی تایبەت لە قەیرانەكان دەردەكەوێت، وتیشی كەرتی تایبەت 669 پڕۆژەی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: "سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی ئومێد و دەرگای چارەسەری بۆ كێشەكان كردووەتەوە بۆ چارەسەرركردنی كێشەكانی بە مەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێكی باش و پێویستە هەموو لایەنەكان بزانن دەبێت بە گفتوگۆ بگەینە چارەسەرێك تا لە بەرژەوەندی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراقدا بێت.
هەر لە رۆژی یەكەمی كۆنفڕانس چوار پەنەل بەڕێوەچوو كە بریتی بوون لە پەنەلەكانی: یەكەم- هاوبەشكاری كەرتی گشتی و تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووری كە د. ئاراس خۆشناو سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان وەكو سەرۆكی ئەم پەنێلە دەستنیشان كرابوو وە هەریەكە لە د. عەلی سندی وەزیری پلاندانان لە حكومەتی هەرێم و ئەحمەد شەفیق ئاغا راوێژكار لە كاری سەربەخۆ بەحرێن – كوردستان و ئەحمەد گوتان بەرێوبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە دامەزراوەی (گڵۆباڵ پارتنەر) لە ئەمریكا و د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان باسیان لە تەوەری ئەم پەنێلە كردو وە ئامادەبووان پرسیار و رای خۆیان دەربڕی.
پاشان پەنێلەكانی دووەم، سێیەم و چوارەم دەربارەی بەڕێوەبردنی قەیرانی ئابووری، ژینگەی كار و وەبەرهێنان لە كوردستان و فێركردن و راهێنانی پیشەیی بۆ پەرەپێدانی كەرتی تایبەت بە رێوەچوون.
لە دووەم رۆژی كارەكانی كۆنفرانسی رۆڵی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووری هەرێمی كوردستان لە پانێلەكاندا گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێكی دیكەی تایبەت بەرەو پێشەوەچوونی ئابووری و رۆڵی كەرتی تایبەت كرا كە پەنێلەكانی پێنجەم و شەشەم لە دوای نەوت: پەرەپێدانی ئابووری جێگرەوە و گەشەكردنی كەرتی تایبەت لە خوێندنی باڵادا.
ئەم پەنێلانە بە سەرپەرشتی و پێشكەشكردنی كەسانی پسپۆڕ لە بوارەكاندا پێشكەش كران و وا بڕیاریشە لە لایەن لێژنەی بەدواداچوون و بە دۆكیومێنتكردنی كۆنفڕانس راسپاردەیەك بدرێتە حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەویش لە لایەن خۆیەوە لە ماوەی داهاتوودا كاریان لەسەر بكات.
 
بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ
بەمەبەستی دۆزینەوەی هەلی كار و بەشداربوون لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان نمایش كردنی نوێترین بەرهەمەكانیان رۆژی 10/10/2016 بە بەشداری 100 لە 19 وڵاتی جیاواز دوازدەمین پێشنگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ بازرگانی و كشتوكاڵ و خۆراك لەسەر زەوی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر لە پاركی شەهید سامی عەبدولرەحمان لە شاری هەولێر كرایەوە.
رێورەسمی كردنەوەی پێشانگاكە لە لایەن نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ژمارەیەك لە كونسوڵ و نوێنەرایەتی وڵاتان كرایەوە.
شایانی باسە ئەم پێشانگایە سێ رۆژ دەخایەنێت و كڕیاران و بەشداربووان دەتوانن لە كاژێر 11ی بەیانی تا 4ی ئێوارە سەردانی ئەم پێشانگایە بكەن.
 
بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ

بڵاوکراوه‌کان

ڕۆژنامه‌ی بازرگانی سه‌رده‌م

ڕێبه‌ری ژوور

هه‌واڵی چاوه‌ڕوانكراو

سعر الصرف

به‌های گۆرینه‌وه‌ی دیناری عیراقی به‌ دولاری ئه‌مری...

«
»
« July 2017 »
Mon Tue Wed Thu Fri Sat Sun
          1 2
3 4 5 6 7 8 9
10 11 12 13 14 15 16
17 18 19 20 21 22 23
24 25 26 27 28 29 30
31            

نرخی دراو

نرخی دراو

کەشوهەوای هه‌ولێر

ئاگاداری

Copyright © 2012 Erbil Chamber. All Rights Reserved. سه‌ره‌وه‌ ↑