ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا دووەم شاندی گەورەی بازرگانی هیند سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ یەک شەممە, 23 کانونی یەکەم 2018 10:45
لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا دووەم شاندی گەورەی بازرگانی هیند سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن
 
بە مەبەستی وەبەرهێنان کردن لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانیەکانی نێوان وڵاتی هیندستان و هەرێمی کوردستان شاندێکی گەورەی خاوەنکار و وەبەرهێنەرە بەناوبانگەکانی وڵاتی هیندستان لە  ژێر چەتری فیدراسیۆنی پیشەسازکارانی وڵاتی هیند رۆژی ٢٠/١٢/٢٠١٨ سەردانی ژوورییان کرد لە لایەن د. دارا جەلیل خەیات سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، جێگران و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا برادیب سینغ راچپور باڵیۆزی وڵاتی هیند لە عێراق، کونسوڵی وڵاتی هیند لە هەولێر، سەرۆکی فیدراسیۆنی پیشەسازکارانی هیند و ژمارەیەک لە بازرگان و خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون.
سەرۆکی ژوور وتەیەکی پێشکەشکرد باسی لە گرنگی هاتنی ئەم شاندە و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانیەکانی هەردوولا کرد و وتی: ئەگەر چی ژمارەیەکی زۆر لە  کۆمپانیا هیندییەکان وەبەرهێنان دەکەن لە کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان وڵاتی هیند و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باش دایە، بەڵام ئێمە چاومان لەوەیە وەبەرهێنەرانی وڵاتی هیند وەبەرهێنان بکەن لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئاستی ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکان پەرە پێبدەین و پەیوەندییەکان پتەو بکەین.
د. دارا وتی: هاتنی دوو شاندی بازرگانی گەورەی وڵاتی هیند لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا هۆکارێکە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ هاوڵاتیان.
برادیب سینغ راچپور باڵیۆزی هیند لە عێراق وتی: فیدراسیۆنی پیشەسازکارانی هیند سەرپەرشتی ئەم شاندە دەکات کە چەندین بواری لە خۆ گرتووە وەکو (کشتوکاڵ، تەندروستی، بنیاتنان و تەکنەلۆژیای زانیاری).
وتیشی: ئێمە لە پەیوەندییەکانمان بەردەوام دەبین و بە پەرۆشەوەین بۆ وەبەرهێنان.
شایانی باسە فیدراسیۆنی پیشەسازکارانی هیند ٨ هەزار گەورە پیشەسازکار لەخۆ دەگرێت، ٢٠٠ هەزار ئەندامی هەیە و نزیکەی لەگەڵ ٢٠٠ شوێنی بازرگانی یادداشتنامەی واژوو کردووە.
قەبارەی ئالۆگۆڕی بازرگانی لە نێوان وڵاتی عێراق و هیند لە ئاستێکی باش دایە پشکی شێریش بەر کەرتی نەوت کەوتووە.
ئه‌م بابه‌ته‌ 917 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌