رێککه‌وتی 16/10/2012، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر له‌باره‌گه‌ی ژوور، پێشوازی له‌شاندێکی بازرگانی میرنشینی شاریقه‌ی ئیماراتی یه‌کگرتووی عه‌ره‌بی، به‌سه‌رۆکایه‌تی به‌ڕێز سوڵتان بن ئه‌حمه‌د ئه‌لقاسمی نوێنه‌رى میر و سه‌رۆكی سه‌نته‌ری راگه‌یاندنی شاریقه کرد. دیداره‌که‌ش، به‌ئامادبوونی به‌ڕێزان هه‌رسێ سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی و دهۆک و شاریقه و کونسوڵی ئیمارات له‌هه‌ولێر و ئیبراهیم سۆفی و سۆران ئه‌بوبه‌کر جێگرانی یه‌که‌م و دووه‌می سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر و، ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژووره‌کانی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک و ژووری بازرگانی شاریقه و راگه‌یه‌ندکاری میرنشینی ناوبراو به‌ڕێوه‌چوو. له‌سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا، به‌ڕێز خه‌یات به‌گه‌رمی به‌خێرهێنانی شاندی میوانی کرد و هیوای مانه‌وه‌یه‌کی باشی بۆ خواستن له کوردستاندا. پاشان به‌ڕێز خه‌یات تیشکی خسته ئاستی په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئیمارات و وتی:"هیوادارین نووسینگه‌یه‌کی بازرگانی ئیماراتی له‌کوردستاندا دابمه‌زرێت، چونکه ئه‌و نووسینگه‌یه به‌های تایبه‌تی خۆی ده‌بێت و، گه‌شه به‌چالاکییه ئابوورییه‌کانی نێوان هه‌ردوولا ده‌دات، له‌و رووشه‌وه ئێمه وه‌ک ژوور ئاماده‌ین هاوکار و هاریکار بین." هه‌روه‌ها به‌ڕێز خه‌یات وتی:"ئێستا کوردستان له‌قۆناغی گه‌شه‌ی خۆیدایه، هه‌رێمه‌که‌ی ئێمه خاوه‌ن زه‌وی به‌پیت و که‌شوهه‌وای له‌بار و بودجه‌ی باشه، بۆیه هه‌موو ئه‌مانه‌ش یارمه‌تده‌رن بۆ راکێشانی وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی." وتیشی:"ده‌رفه‌تی کار له‌کوردستاندا زۆره، بۆیه داواکارین ئیماراتییه‌کان بێن و ئه‌و ده‌رفه‌تانه بۆ خۆیان بقۆزنه‌وه، چ له بواری بازرگانی یان پیشه‌سازی یاخود گه‌شتوگوزار، به‌گشتی ده‌توانین بڵێین عێراقی تازه پێویستی به‌ژماره‌یه‌کی زۆری کۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی بۆ کارکردن هه‌یه، به تایبه‌تی له‌هه‌رێمی کوردستاندا." هاوکات، به‌ڕێز خه‌یات دووپاتیکرده‌وه و به‌شاندی میوانی راگه‌یاند که ژووری بازرگانی ده‌رگه‌ی به‌رووی وه‌به‌رهێنه‌ر و سه‌رمایه‌گوزارانی ئیماراتدا کراوه‌یه. لای خۆیه‌وه، به‌ڕێز سوڵتان بن ئه‌حمه‌د قاسم سوپاسگوزاری خۆی و ئه‌ندامانی شاندی یاوه‌ری ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی پێدا که ئیماراتییه‌کان به‌گه‌شبینییه‌وه ده‌ڕواننه ژینگه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌کوردستان که ده‌کرێت له‌میانه‌ی‌دا هه‌لی وه‌به‌رهێنانی باش بۆ کۆمپانیا ئیماراتییه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکرێت، بۆیه هیوادارین که له‌ئاینده‌دا چالاکی جۆراجۆری هاوبه‌ش له‌نێوان ئیمارات و هه‌رێمدا ئاڵوگۆڕ بکرێت، لێره‌شه‌وه داوا له کۆمپانیا ئیماراتییه‌کان ده‌که‌ین که ئاستی په‌یوه‌ندی هاوبه‌شی راسته‌قینه له‌گه‌ڵ هاوتا‌کانیان له‌کوردستاندا دروست بکه‌ن. پاشان ئه‌ندامانی شانده‌که جگه له‌ناساندنی خۆیان و پۆست و باسکردنی سروشتی کاره‌کانیان، باسی میرنشینی شاریقه‌یان له‌زۆر رووه‌وه کرد. له‌کۆتایی دیداره‌که‌شدا، دیاری رێزلێنان له‌نێوان هه‌ردوولادا گۆڕدرایه‌وه.