رێککه‌وتی 13/11/2012، به‌ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمى كوردستان و عه‌لى سهعیدلو یاریده‌ده‌رى سه‌رۆك كۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ كاروبارى نێوده‌وڵه‌تى و دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژوور و، ژماره‌یه‌ک له‌به‌رپرسانی حكومی هه‌رێمی كوردستان و ئێران، یه‌كه‌مین كۆنفڕانسى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندى بازرگانى وئابورى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئێران له‌هه‌ولێری پایته‌خت، ده‌ستى به‌كاره‌كانى كرد.
له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی کۆنفڕانسه‌که‌دا که‌ماوه‌ی دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت و له‌هۆڵی شه‌هید سه‌عد عه‌بدوڵا به‌به‌شداری نزیکه‌ی 200 خاوه‌نکار و نوێنه‌ری کۆمپانیا لۆکا‌ڵی و ئێرانییه‌کان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڕێز كامه‌ران ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى كوردستان وتارێكى پێشكه‌ش كرد و تێیدا تیشكى خسته سه‌ر گرنگی ئه‌و كۆنفڕانسه بۆ هه‌ردوولا، له‌هه‌مان کاتدا به‌ڕێزیان په‌یامى به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانى سه‌رۆك كۆمارى عێراقی فیدڕاڵی كه ئاڕاسته‌ى كۆنفڕانس كرابوو خوێنده‌وه، تێیدا به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمار وێڕای ئاواتخواستن بۆ سه‌ركه‌وتنى كۆنفڕانسه‌كه، تیشكى خسته سه‌ر تۆكمه‌كردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامى ئێران له‌رابردوو و ئێستادا.
پاشان به‌ڕێزان كازمى قومى سه‌رۆكى به‌شى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندى بازرگانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئێران و یه‌حیا ئیسحاق سه‌رۆكى ژوورى بازرگانى و كانزاكانى عێراق وئێران و حه‌سه‌ن دانایى فه‌ڕ باڵیۆزى ئێران له‌عێراق وتاریان پێشكه‌ش كرد و تیایدا وێڕاى ئاماژه‌دان بهپهیوهندییهكانى نێوان هه‌ردوولا، هاوكات جه‌ختیان له‌بره‌ودان بهپهیوهندیى بازرگانى و ئابوورى و زیادكردنى قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌نێوان هه‌ردوولادا كرده‌وه.
دواتر به‌ڕێز د. عه‌لى سهعیدلو یاریده‌ده‌رى سه‌رۆك كۆمارى ئێران بۆ كاروبارى نێوده‌وڵه‌تى لهوتهیهكىدا و تیایدا ئاماژه‌ى به‌مێژووى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامی ئێران كرد و هیواى خواست په‌یوه‌ندییه‌كان زیاتر په‌ره‌یان پێبدرێت.
پاشان به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى كوردستان لهوتارێكىدا ئاماژه‌ى به‌په‌یوه‌ندی له‌مێژینه‌ی نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئێران کرد، به‌تایبه‌تی که ئێران له‌سه‌رده‌مى رژێمى به‌عسی رووخاودا باوه‌شى بۆ لێقه‌وماوانى هه‌رێمى كوردستان كردبۆوه.
له‌به‌شێکی دیکه‌ی وته‌که‌یدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لهپتهوكردنى په‌یوه‌ندی ئابورى و بازرگانى له‌نێوان كوردستان و ئێران كرد و رێگه‌كانى پته‌وكردنى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ى شیكرده‌وه. هاوكات ئاماژه‌ى به‌گرنگى كه‌رتى تایبه‌ت بۆ كاركردن له‌هه‌رێمى كوردستان و رێكخستنى په‌یوه‌ندى بازرگانى له‌نێوان هه‌ردوولادا کرد له‌رێگه‌ى رێكخستنى كارى سنووره‌كان و كردنه‌وه‌یان به‌هه‌میشه‌یى و دانانى كوالیتى كۆنتڕۆڵى باش له‌و سنوورانه‌دا، هه‌روه‌ها هیواى سه‌ركه‌وتنی بۆ كۆنفڕانسه‌كه و ئومێدى په‌یوه‌ندی باشترى له‌نێوان هه‌ردوولادا خواست.
سه‌رۆک وه‌زیران ڕاشیگه‌یاند:"سیاسه‌ت و تێڕوانینى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌یه كه باشترین په‌یوه‌ندى هه‌بێت له‌گه‌ڵ وڵاتانى دونیا به‌گشتى و ووڵاتانى دراوسێ به تایبه‌تى." هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه هه‌رێم له ناوچهیهكدایه بهسنوورى ووڵاتانى ده‌وروبه‌ر ده‌ور دراوه، بۆیه پته‌وى و مانه‌وه‌ى ئابوریى هه‌رێمى كوردستان به‌تواناى گواستنه‌وه‌ى كاڵا و خزمه‌تگوزارى له‌ڕێگه‌ى ووڵاتانى دراوسێوه به‌نده."
نێچیرڤان بارزانى وتیشی: "كۆمارى ئیسلامیى ئێران هه‌م گه‌ل و هه‌م حكومه‌ته‌كه‌ى به‌نزیكترین و دێرینترین گه‌ل و حكوومه‌ت ده‌ژمێردرێن له‌گه‌ڵ هاوڵاتییانى هه‌رێم، له‌و كاتانه‌ى که كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى پشتیان له‌گه‌لى كوردستانى عێراق كردبوو و ڕ‌ژێمى به‌عسیش به‌ئاگر و به‌ئاسن كه‌وتبووه وێزه‌ى كورد، كۆمارى ئیسلامی ئێران له‌پێشه‌نگى ئه‌و وڵاتانه‌ى دونیا بوو به‌ته‌نگ ئێش و ئازارى كورد هات و برینى بریندارانى ساڕ‌ێژ كرد و ئاواره و لێقه‌وماوانى كوردستانى له‌خۆ گرت، ئێمه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا سنوورێكى دوور و درێژ و چه‌ندین خاڵى هاوبه‌شمان هه‌یه، بۆیه ده‌خوازین بۆ سه‌قامگیریى سنووره‌كان و ڕێزگرتن له‌سه‌روه‌ریى خاكى یه‌كتر و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى ئابوورى و بازرگانى زیاتر، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى زیاتر له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ین، ئێمه كۆمارى ئیسلامی ئێران وه‌ك هاوبه‌شێكى سروشتى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌بینین."
سه‌رۆك وه‌زیران راشیگه‌یاند و وتی:"ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى كۆمپانیا ئێرانییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ساڵى 2006 نزیكه‌ى 3 ملیار و وله2011 گه‌یشته 6 ملیار و له‌ماوه‌ى 9 مانگى ساڵى 2012 گه‌شه‌ى سه‌ندووه بۆ نزیكه‌ى 8 ملیار دۆلار. كه‌لوپه‌له‌كانیش ئه‌و پێویستییانهن كه هاوڵاتییانى هه‌رێم پێویستیان پێیه‌تی."
هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆى نیشان دا به‌وه‌ى كه ژماره‌یه‌كى زۆر له‌كۆمپانیاى كه‌رتى تایبه‌ت به‌شدارن له‌م كۆنفرانسه‌دا و، ئاماژه‌ى به‌وه دا كه حكومه‌تى کوردستان كه‌رتى تایبه‌ت به‌هاوبه‌شى ڕاسته‌قینه بۆ په‌ره‌پێدانى ئابووریى هه‌رێم له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و، ئه‌م كۆنفڕانسهش ده‌رفه‌تێكه بۆ سوودگه‌یاندن به‌هه‌ردوو كه‌رتى گشتى و تایبه‌ت له‌کوردستاندا.
هه‌روه‌ها به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى وتى: "ئه‌مڕۆ ئێمه بووین به‌به‌شێك له‌سیسته‌مى ئابوریى جیهانى، بۆیه پێویسته كاڵاكانى هاورده ده‌كرێن بژمێردرێن و ڕێك بخرێن و چاودێرى بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیا بین له‌وه‌ى هیچ زیانێكى بۆ هاوڵاتیانى هه‌رێم نییه."
له‌كۆتایى وته‌كه‌یدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى پێى وابوو كه ئه‌م كۆنفرانسه ده‌سپێكى قۆناغێكى تازه‌یه له بهسیستهماتیككردنى كارى ئابوورى و بازرگانی نێوان هه‌ردوولا و هیواى خواست ببێته سه‌ره‌تاى به‌رنامه‌یه‌كى درێژخایه‌ن بۆ سوودوه‌رگرتن له‌و ده‌رفه‌ت و توانا ئابووریانه‌ى له هه‌ردوولا هه‌یه.
له‌دوای پێشکه‌شکردنی وتاره‌کانیش، به‌شداربووانی کۆنفڕانس بۆ چه‌ند تیمێک به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی و پسپۆری بوار و که‌رتی ئابورییان دابه‌شکران، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی تاوتوێکردنی ئه‌و ئاسته‌نگ و گرفتانه‌ی کهبهربهست له‌به‌رده‌م کاراکردنی په‌یوه‌ندییه بازرگانی و ئابورییه‌کان دروست ده‌که‌ن، پاش کۆبوونه‌وه‌کانیشیان تیمه‌کان له‌راپۆرته‌کانیاندا پێشنیاره‌کانیان گه‌ڵاڵه ده‌که‌ن و بۆ به‌رپرسانی هه‌ردوولایان به‌رزده‌که‌نه‌وه، تاکو دواتر بخرێنه بواری جێبه‌جێکردنه‌وه.