ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

ئاژانسی جایكا زانیاری لەسەر دەرفەتی وەبەرهێنان كۆدەكاتەوه

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ پێنج شەممە, 26 حوزەیران 2014 09:08
رۆژی 25ی حوزەیران دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور وە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور پێشوازییان لە كیۆتسۆگۆ مانابی راوێژكاری پرۆژەكان لە ئاژانسی یابانی بۆ هاوكاری نێودەوڵەتی (JICA) و هیرۆفومی یاماوچی راوێژكاری سەرەكی لە بەشی خزمەتگوزاری راوێژكاری لە كۆمپانیای (UNICO)ی نێودەوڵەتی كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ ئەم سەردانە دەربڕی ، دواتر تیشكیان خەستە سەرئامانجی سەردانەكیان كە بریتی بوو لە یەكتر ناسین و وەدەست هێنانی زانیاری لەسەر دەرفەتەكانی وەبەرهێنان بەهۆی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان بە مەبەستی هاندانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە یابانییەكان كە بێنە هەرێمی كوردستان، بۆ كاركردن و پەرەدان بە بوارەكانی توانای مرۆیی و ئەو بوارانەی كە هەلی كار بۆ گەنجان دەرەخسێنێت جگە لە بوارەكانی نەوت و گاز .
لە لایەن خۆشیەوە سەرۆكی ژوور بەخێرهاتنی كردن و، پێی رایگەیاند كە كۆمپانیا یابانیەكان زۆر سستن لە بەشداری كردنیان لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێم و هیوای خواست بتوانن لە ماوەی داهاتوودا ئەوانیش بەشداربن لە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، وتیشی لە ئێستادا كۆمپانیای ناخۆیی و بیانی بەشێوەیەكی بەرچاو وەبەرهێنان دەكە ن دەرفەتێكی زۆری كاركردنیش لە كوردستاندا هەیە دەكرێت كۆمپانیا یابانیەكان ئەو دەرفەتانە بقۆزنەوە و شارەزاییەكانیان بەكاربهێنن و هاوكاری دەزگاكانی حكومەتیش بكەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی باشتر كارەكانیان رابپەرێنن .
لەپاشان هیرۆفومی یاماوچی راوێژكاری سەرەكی لە بەشی خزمەتگوزاری راوێژكاری لە كۆمپانیای (UNICO)ی نێودەوڵەتی سەبارەت بەرەوشی بازرگانی و پیشەسازی و وەبەرهێنان بە شێوەیەكی گشتی چەندین پرسیاری خستە بەرباس و ، لای خۆیەوە سەرۆكی ژوور وەلامی دایەوە و ئامادەیی خۆشی بۆ هاكاری كردنی لە ئایندەدا دەربری .
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 859 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ پێنج شەممە, 26 حوزەیران 2014 10:14