تۆ لێرەیت: ErbilChamberبابه‌ت فلته‌ر كراوه‌ به‌پێی به‌روار: یەک شەممە, 27 کانونی دووەم 2013

رێککه‌وتی 24/1/2012، له‌چوارچێوه‌ی کاره‌کانی په‌یوه‌ست به‌ده‌رکردنی ژماره‌یه‌کی تایبه‌ت به‌‌گۆڤاره‌که‌یان، کۆمپانیای بزنس مێدیای (IIG)ی ئه‌مه‌ریکی ‌چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر ئه‌نجامدا و، تیایدا به‌ڕێزیان وه‌ڵامی چه‌ند پرسێكی گرنگی له‌باره‌ی ره‌وشی ئابووری به‌گشتی و بازرگانی به‌تایبه‌تی له‌هه‌رێمی کوردستاندا دایه‌وه‌.

 

له‌سه‌ره‌تای چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا، رۆژنامه‌نووس تایله‌ر رۆکوێڵ وێڕای ناساندنی خۆی و ستافی ئاماده‌کاری راپۆرت‌ خۆشحاڵی خۆی به‌سه‌ردانیکردنی ژوور و رێکخستنی ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌ربڕی که‌ له‌رێیه‌وه‌ توانیویه‌تی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ ساز بکات، پاشان باسی له‌سروشتی کاری ده‌زگای بزنس مێدیای (IIG) کرد، که‌ کۆمپانیایه‌کی میدیایی ئه‌مه‌ریکی تایبه‌ت به‌به‌رهه‌مهێنانی راپۆرتی رۆژنامه‌وانی ئابووری بازرگانییه‌ و به‌رهه‌می نووسینه‌کانیان له‌رێی گۆڤارێکی وه‌رزی تایبه‌تدا بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌‌، هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند که‌ دواهه‌مین پڕۆژه‌ی گرنگی کۆمپانیاکه‌یان ئاماده‌سازییه‌ بۆ ده‌رکردنی ژماره‌یه‌کی تایبه‌ت به‌ ئابووری و بازرگانی له‌باره‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ به‌ناونیشانی (چیرۆکی بازرگانی و وه‌به‌رهێنانی سه‌رکه‌وتوو).

 

لای خۆیه‌وه‌، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژوور وێڕای به‌خێرهێنانی شانده‌ رۆژنامه‌وانییه‌که‌، له‌میانه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌کان‌دا به‌گشتی تیشکێكی خسته‌ سه‌ر مێژووی کاری بازرگانی خۆی و، پاشان هاته‌ سه‌ر باسی مێژووی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر و ئاماژه‌ی به‌قۆناغه‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی ژووره‌که‌دا به‌تایبه‌تی له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا که‌ گه‌شه‌کردنی به‌رچاو له‌کارو چالاکییه‌کانی ژووردا هاتۆته‌ دی.

هه‌روه‌ها وتی:"له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی که‌می رابروودا ژوور توانیو‌یه‌تی پڕۆژه‌ی گرنگ ئه‌نجام بدات، بۆ نموونه‌ ده‌رکردنی رۆژنامه‌یه‌کی بازرگانی و دامه‌زراندنی سایتێکی ئه‌یلکترۆنی بازرگانی، ده‌رکردنی رێبه‌ر و دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی ژوور له‌گه‌ڵ  سه‌نته‌ری زانیاری و په‌ره‌پێدانی کار، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی سه‌دان کۆڕ و کۆبوونه‌وه ‌و دیداری بازرگانی، ئێستاش ئاماده‌کاری بۆ کردنه‌وه‌ی باڵاخانه‌ی تازه‌ی تایبه‌ت به‌ ژوور و دامه‌زراندنی پێشا‌نگه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی ده‌کرێت."

هه‌ر له‌درێژه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌کاندا، به‌ڕێز خه‌یات وتی:"‌له‌ماو‌ه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا، ژووری بازرگانی له‌هێنانی بازرگان و وه‌به‌ر‌هێنه‌ران و شاندی ده‌زگه‌ ئابوورییه‌ بیانییه‌کان بۆ کوردستان  و گه‌شتکردنی هاوتاکانیان له‌کوردستان بۆ د‌ه‌ره‌وه‌ و ‌رێکخستنی دیدار له‌نێوانیاندا رۆڵی گێڕاوه، هه‌روه‌ها چه‌ندین رێککه‌وتننامه‌ی له‌گه‌ڵ ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌کانی وڵاتانی وه‌ک  تورکیا و ئێران و چه‌ند وڵاتێكی که‌نداو و کیشوه‌ری ئه‌وروپا مۆرکردووه‌، به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندی زۆر کراوه‌مان له‌گه‌ڵ بازرگانانی وڵاتانی رووسیا و فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندادا هه‌یه‌، هه‌ڵبه‌ت حکومه‌تی هه‌رێمیش له‌سه‌رخستنی ئه‌رکه‌کانی ژووری بازرگانیدا یارمه‌تده‌ر بووه‌."

هه‌روه‌ها ‌باسی له‌‌ئاستی په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و وڵاتانی جیهاندا، به‌ڕێز خه‌یات وتی:"له‌پاش پڕۆسه‌ی ئازادی عێراق ده‌رگه‌ به‌رووی هه‌رێمی کوردستاندا کرایه‌وه‌ و له‌م ده‌رفه‌ته‌شدا  بازرگانان سوودیان وه‌رگرت و ژووریش هۆکاربوو بۆ گه‌یشتنیان به‌دونیای ده‌ره‌وه‌دا، تاکو خه‌ڵکی شاره‌زا ببینن و ته‌کنه‌لۆجیای تازه‌ بۆ کوردستان بێنن و خۆیان پڕ زانیاری بکه‌ن، ئه‌ویش چ له‌وڵاتانی درواسێ بێت یان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یاخود هه‌موو جیهان."

هه‌روه‌ها وتی:"ده‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌رووی بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانیدا کراوه‌یه‌ و لێره‌ ده‌توانن به‌ئاسانی لقی کۆمپانیاکانیان یاخود کۆمپانیای تایبه‌ت به‌خۆیان بکه‌نه‌وه‌."

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند و وتی:"ئێستا کوردستان یاسای وه‌به‌رهێنانی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ و کار بۆ ‌هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌کرێت، به‌و هیوایه‌ی یاساکه‌ ببێته‌ هۆی به‌رزکردنه‌وه‌ی کوالێتی کۆمپانیاکان و کاڵا و شتومه‌که‌کانیان، به‌تایبتی که‌ ئێستا‌ کۆمپانیای گه‌وره‌ له‌عێراق به‌گشتی وکوردستان به‌تایبه‌تی دروستبوون و له‌سێکته‌ره‌ جیاجیاکاندا کار ده‌که‌ن."

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ به‌ڕێز خه‌یات چه‌ند کۆمپانیایه‌کی وه‌ک نموونه‌ی سه‌رکه‌وتوو هێنایه‌وه‌ که‌ له‌پڕۆژه‌ی بچووکه‌وه‌ به‌ره‌و کاری گه‌وره‌ هه‌نگاویان ناوه‌ و هه‌ندێکیان چوونه‌ته‌ پاڵ یه‌ک و گروپیان دورست کردووه‌، هه‌روه‌ها هیوای خواست که‌ له‌قۆناغی داهاتوودا که‌رتی پیشه‌سازی ببوژێته‌وه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حکومه‌ت پلانی تازه‌ی دارشتووه‌ و مۆڵه‌ت و زه‌وی بۆ دامه‌زراندنی کارگه‌ ده‌دات، چونکه‌ ئێستا زۆربه‌ی کارگه‌کان له‌م وڵاته‌دا په‌کیان که‌وتووه‌، هاوکات ‌باسی له‌که‌موکورتییه‌کانی بواری کشتوکاڵ کرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ پاڵپشتی گه‌وره‌ی حکومه‌ت بۆ ئه‌و بواره‌ له‌ئارادیه‌.

له‌وه‌ڵامی دواهه‌مین پرسیاریشدا سه‌باره‌ت به‌بوونی کۆمپانیا بیانییه‌کان له‌کوردستاندا، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژوور ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، که‌ ئه‌وان زیاتر له‌بواری نه‌وتدا کار ده‌که‌ن و، وتی:"ئه‌و کۆماپانیایانه‌ی که‌ روویان له‌هه‌رێم کردووه‌ توانای باشیان هه‌یه‌ و پڕۆژه‌ی باشیان له‌به‌رده‌ستدایه‌، به‌نموونه‌ش (دی ئێن ئۆ، ئه‌نێرچی، گه‌ڵف ئیستۆن، ئیکسۆن مۆبێل، شیفرۆن)، بۆیه‌ هاتنی کۆمپانیا بیانییه‌کان بۆ کوردستان زۆر گرنگه‌، چونکه‌ ئه‌وان خاوه‌ن ته‌کنه‌لۆجیا و ستایلی سه‌رده‌من، هه‌روه‌ها توانای باشیان هه‌یه‌."   

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ

بڵاوکراوه‌کان

ڕۆژنامه‌ی بازرگانی سه‌رده‌م

ڕێبه‌ری ژوور

هه‌واڵی چاوه‌ڕوانكراو

سعر الصرف

به‌های گۆرینه‌وه‌ی دیناری عیراقی به‌ دولاری ئه‌مری...

«
»
« August 2012 »
Mon Tue Wed Thu Fri Sat Sun
    1 2 3 4 5
6 7 8 9 10 11 12
13 14 15 16 17 18 19
20 21 22 23 24 25 26
27 28 29 30 31    

نرخی دراو

نرخی دراو

کەشوهەوای هه‌ولێر

ئاگاداری

Copyright © 2012 Erbil Chamber. All Rights Reserved. سه‌ره‌وه‌ ↑