تۆ لێرەیت: ErbilChamberبابه‌ت فلته‌ر كراوه‌ به‌پێی به‌روار: سێ شەممە, 24 ئەیلول 2013

رێککه‌وتی 24/9/2013، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژوور و له‌باره‌گه‌ی ژوور، پێشوازی له‌شاندێکی فراوانی بازرگانی میرنشینی عوممان کرد.

 

له‌سه‌ره‌تای دیداره‌‌که‌‌دا، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات له‌وته‌یه‌کدا، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان، هیوای مانه‌وه‌یه‌کی باشی بۆ خواستن له‌کوردستان‌دا و وتی:"ئه‌مه‌ یه‌که‌مین سه‌ردان و ده‌ستپێشخه‌ری بازرگانانی عوممانه‌‌ بۆ کوردستان، بۆیه‌ هیوادارین سازدانی ئه‌م دیداره ببێته‌ بناغه‌یه‌کی پته‌و بۆ په‌وه‌ندییه ئابوورییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و عوممان."

هه‌روه‌ها وتی:"ئێستا کوردستان له‌سایه‌ی سه‌رکردایه‌تییه‌کی حه‌کیمانه‌دا خاوه‌نی ئاسایش و سه‌قامگیری ئابوورییه‌ و، بۆیه‌ که‌شێکی له‌بار‌ هه‌یه‌ بۆ جموجۆڵی بازرگانی عومانییه‌کان له‌کوردستاندا."

لای خۆیه‌وه‌، به‌ڕێز ئه‌حمه‌د ساڵح عه‌بدو‌ڵڵا باعه‌بود ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی عوممان که‌سه‌رۆکایه‌تی شانده‌که‌ی ده‌کرد، له‌وته‌یه‌‌کیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ عوممان ده‌رگه‌ی به‌رووی بازرگانانی کوردستاندا کراوه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌کرێت به‌مه‌به‌ستی چالاکی بازرگانی و گه‌شتکردن سه‌ردانی ئه‌ وڵاته‌ بکه‌ن.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند که‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌‌یاندا کار له‌سه‌ر پێکهێنانی شاندێکی دیکه‌ی گه‌وره‌تری بازرگانی عوممانی ده‌که‌ن، تاکو له‌داهاتوودا سه‌ردانی کوردستان بکات.

هه‌رله‌میانه‌ی گفتوگۆی نێوان هه‌ردوولادا، باس له‌گرنگی کردنه‌وه‌ی هێڵی راسته‌وخۆی ئاسمانی له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان و میرنشینی عومماندا له‌ماوه‌ی داهاتوودا و، دامه‌زارندنی پێشانگه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی کاڵا عومانییه‌کان له‌هه‌ولێر کرا.

جێی ئاماژه‌یه‌، له‌نێو شاندی ناوبراودا نوێنه‌ر و خاوه‌نی ژماره‌یه‌ک کۆمپانیای عوممانی تێدا بوو که‌ به‌شدارییان له‌پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر کر‌دبوو، هه‌روه‌ها له‌بواره‌کانی کاره‌با و پاتری ئۆتۆمبێل، به‌رهه‌مهێنانی خۆراک به‌تایبه‌تی ماعکر‌ۆنه و گۆشتی ماسی توونه‌، جلوبه‌رگ و به‌تایبه‌تی پۆشاکی سه‌ربازی شاره‌زابوون.

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ

ئێواره‌ی 23/9/2013، ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر به‌سه‌رپه‌شتی به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژوور، میوانداری ‌شاندێکی هاوبه‌شی هه‌ردوو ژووری بازرگانی شاریقه‌ و عه‌جمانی ئیماراتی یه‌کگرتووی عه‌ره‌بی کرد، که‌ له‌ژماره‌یه‌ک له‌به‌رپرسانی هه‌ردوو ژوور و بازرگان و خاوه‌ن کۆمپانیا ئیماراتییه‌کان پێکهاتبوون.

 

له‌سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا، که‌ له‌سه‌نته‌ری رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی ژوور به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژوور به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژوور به‌گه‌رمی به‌خێرهێنانی شاندی میوان کرد و هیوای مانه‌وه‌یه‌کی باشی بۆ خواستن له‌ کوردستاندا.

پاشان به‌ڕێز خه‌یات تیشکی خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئیمارات و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ نوێنه‌رایه‌تی بازرگانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ئیمارات له‌و بواره‌دا هه‌ماهه‌نگ بووه‌.

 

دواتر به‌ڕێز جێگری سه‌رۆکی ژووری بازرگانی شاریقه ‌ سوپاسگوزاری خۆی له‌به‌رامبه‌ر پێشوازیلێکردنیان ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، که‌ به‌منزیکانه نوێنه‌رایه‌تی میرنشینی شاریقه له‌هه‌رێمی کوردستان ده‌کرێته‌وه‌، که‌ئه‌رکی ئاسانکاری و فراوانکردنی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌کان و کاراکردنی گه‌شت و جموجۆڵه‌ بازرگانییه‌کان و کردنه‌وه‌ی بانکێک له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت.

 

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژوور باسی له‌که‌رتی کشتوکاڵی هه‌رێم کرد و، وتی:"به‌پێی زانیارییه‌کانمان کۆمپانیاکانی شاریقه‌ و ئیمارات به‌گشتی له‌زۆر وڵاتی دونیا له‌بواری کشتوکاڵدا پڕۆژه‌ی جۆراجۆریان هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌کرێت به‌هه‌مان شێوه‌ له‌کوردستان ئه‌و جۆره‌ پڕۆژانه‌ ئه‌نجام بده‌ن، چونکه‌ له‌کوردستاندا زه‌مینه له‌باره‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ پڕۆژانه‌."

له‌به‌شێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌دا، به‌ڕێز فیدائه‌دین ئه‌مین گه‌ردی ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژوور، له‌په‌یڤێکیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، که‌ کردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی شاریقه‌ له‌هه‌ولێر هه‌نگاوێکی زۆر ئه‌رێنییه‌، هاوکات به‌ڕێزیان تیشکی خسته‌ سه‌ر هه‌ردوو که‌رتی گه‌شتوگوزار و پیشه‌سازی له‌هه‌رێمی کوردستاندا که‌ ده‌کرێت کاری زۆریان تێدا بکرێت چونکه‌ ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنانیان تێدایه‌، هه‌روه‌ها کردنه‌وه‌ی بانکێكی ئیماراتیشی به‌گرنگ زانی.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، به‌ڕێزیان داوایکرد که له‌داهاتوودا کادیرانی ژووری بازرگانی ره‌وانه‌ی ‌وڵاتی ئیمارات بکرێن، تاکو سوود له‌تاقیکردنه‌وه‌کانی ژووره‌ بازرگانییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ وه‌ربگرن له‌بواره‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی به‌شه‌کانی ژووری بازرگانی و میکانزیمی کارکردنیان.

‌له‌به‌رامبه‌ریشدا، شاندی میوان ئاماده‌یی له‌و رووه‌وه‌ خسته‌ روو.

 

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ

ئێواره‌ی 23/9/2013، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر  به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژووری بازرگانی و، نوێنه‌ری پارێزگای نه‌جه‌ف له‌هه‌ولێڕ، له‌سه‌نته‌ری رۆشنبیری وکۆمه‌ڵایه‌تی ژوور، پێشوازی له‌به‌ڕێز ره‌زاق شه‌ریف جێگری پارێزگاری نه‌جه‌ف و شاندی یاوه‌ری کرد.

 

مه‌به‌ست له‌م سه‌ردانه‌ی شاند‌ی پارێزگاری نه‌جه‌ف که‌ له‌چوارچێوه‌ی درێژه‌دان به‌په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ پارێزگاری هه‌ولێر دێت، داوای   هاوکاریکردنیانه‌ له‌رووی ئاشناکردنیان‌ به‌کۆمپانیاکانی دابینکردنی خۆراک له‌کوردستاندا، ئه‌ویش بۆ جێبه‌جێکردنی به‌رنامه‌ی تازه‌ی پسسوله‌ی خۆراک که‌پێی بڕیارێکی نوێی حکومه‌تی فیدراڵ له‌مه‌ودوا ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانه‌وه‌ کاری له‌سه‌ر ده‌کرێت، ئه‌ویش به‌پێچه‌وانه‌ی ساڵانی پێشوو که‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی و وه‌زاره‌تی بازرگانی فیدراڵ ئه‌و ئه‌رکه‌ی له‌ئه‌ستۆدا بوو.            

 

لای خۆیه‌وه‌، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژوور وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان ،  ئاماده‌یی ژووری به‌مه‌به‌ستی هاوکاریکردنی پارێزگاری نه‌جه‌ف له‌پێناو سه‌رخستنی ئه‌رکه‌که‌یدا خسته‌ روو.

 

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ

رێککه‌وتی 23/9/2013 ، یاداشتنامه‌یه‌کی لێکگه‌یشتنی بازرگانی له‌نێوان ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر و ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی ژیلینای سلۆڤاکی واژۆ کرا.

 

له‌مه‌راسیمه‌که‌دا، که‌ به‌ڕێزان دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر و، به‌ڕێزان ستانسلایف پۆلۆنسکی با‌ڵیۆزی سلۆڤاکیا له‌عێراق و، ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژوور و، ژماره‌یه‌ک له‌کۆمپانیا کوردستانی و سلۆڤاکی و میدیاکاران ئاماده‌بوون، رێککه‌وتننامه‌که‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێزان محه‌مه‌د مسته‌فا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ژووری بازرگانی و، یان میشورا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ژووری بازرگانی ژیلینا واژۆکرا.    

به‌ر له‌واژۆکردنه‌که‌ش به‌ڕێز دارا خه‌یات له‌وته‌یه‌کیدا هیوای خواست که‌ واژۆکردنی ئه‌م یاداشتنامه‌یه ببێته ده‌ستپێکی قۆناغێکی گه‌شه‌سه‌ندوو  له‌په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کانی نێوان هه‌ردوولادا.

هه‌روه‌ها وتی:"هیوادارین ئه‌م رێککه‌وتننامه‌یه‌ ببێته‌ هۆی به‌یه‌کگه‌یشتنی خاوه‌نکارانی هه‌ردوولا و ناساندنیان به‌یه‌کتر و، دواتریش چلاکی بازرگانی به‌دوای خۆیدا بێنێت."

هه‌روه‌ها وتی:"ئه‌و ‌که‌شه‌ ئارام و ئاسایشه‌ که‌ له‌کوردستاندا هه‌یه‌، وایکردووه‌ چالاکییه بازرگانییه‌کانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا فراوانتر بێت."

به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، که له‌مێژه‌ په‌یوه‌ندی له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتی عێراق و سلۆڤاکیادا هه‌یه‌، بۆیه‌ ئاشنایه‌تی له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌ و ده‌کرێت به‌خێرایی په‌ره‌ به‌کاره‌کانی نێوانمان بده‌ین و سلۆڤاکییه‌کانیش باشتر سوود له‌ ده‌رفه‌ته‌کانی وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمدا وه‌بگرن که‌ قه‌باره‌که‌ی گه‌یشتۆته‌ 30 ملیار دۆلاری ساڵانه‌."

هه‌روه‌ها وتی:"هیوادارین واژۆکردنی ئه‌م رێککه‌وتننامه‌یه‌ ببێته‌ هۆی واڵاکردنی ده‌رگه‌ به‌رووی سه‌رجه‌م ژووره‌کانی سلۆڤاکایدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستاندا."

 

لای خۆیه‌وه‌، به‌ڕێز یان میشورا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ژووری بازرگانی ژیلینا سوپاسگوزاری خۆی له‌به‌رامبه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیمی واژۆکردنه‌که ده‌ربڕی و، وێڕای باسکردنی ‌چه‌ند زانیارییه‌ک له‌باره‌ی رێژه‌ی دانیشتوان و رووبه‌ری جوگرافی و ئابووری وڵاته‌که‌ی، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ واژۆکردنی ئه‌م رێککه‌وتننامه‌یه‌ باڵیۆز‌ی سلۆڤاکیا رۆڵی تێدا گێڕاوه‌ و هیوای خواست که‌ کۆمپانیاکانی وڵاته‌که‌ی له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م رێککه‌وتننامه‌یه‌دا به‌شداری کارایان هه‌بێت له‌پڕۆژه‌کانی کوردساتندا.

 

پاشان به‌ڕێز ستانسلایف پۆلۆنسکی با‌ڵیۆزی سلۆڤاکیا، له‌وته‌یه‌کی کورتدا خۆشحاڵی خۆی له‌به‌رامبه‌ر واژۆکردنی رێککه‌وتننامه‌که‌دا ده‌ربڕی و هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه پیرۆزبایی خۆی ئاڕاسته‌ی هه‌ردوو ژوور کرد

 

دواتر له‌ماوه‌ی چه‌ند خوله‌کێکدا و له‌دانیشتنی رووبه‌روویاندا، بازرگانانی کوردستان و شاندی میوان خۆیان به‌یه‌کتری ناساند و بیرورایان ئاڵوگۆرکرد.   ‌ 

جێی ئاماژه‌یه‌، یاداشتنامه‌ بازرگانیه‌که‌ی نێوان کوردستان و مالتیڤیا  چه‌ندین خاڵی گرنگی له‌خۆگرتووه‌، له‌و‌انیش گه‌شه‌سه‌ندن و هاندانی په‌یوه‌ندییه بازرگانی و وه‌به‌رهێنه‌ره‌کان، ئاسانکاری بۆ چالاکییه‌کانی بازرگانانی هه‌ردوولا، گۆڕینه‌وه‌ی توانا و شاره‌زاییه‌کان و زانیارییه‌کان، پشکداری و به‌شداری له‌رووداوه‌ ئابوورییه‌کان و،  هه‌روه‌ها چه‌ند لایه‌نێکی دیکه‌ش ده‌گرێته‌وه‌.

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ

رێککه‌وتی23/9/2013، به‌به‌شداری به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر، نۆیه‌مین پێشا‌نگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ بازرگانی فراوان کرایه‌وه.

 

له‌پێشا‌نگه‌که‌دا زیاتر له 550 كۆمپانیای ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی له 21 وڵاتی جیهان به‌شدارن و به‌رهه‌مه‌کانیان له‌بواری پیشه‌سازی و که‌لوپه‌له‌کانی نێوماڵ و نووسینگه‌ و ئامێره‌کانی کشتوکاڵ و ته‌کنه‌لۆجیای په‌یوه‌ندییه‌کان و ئۆتۆمبێل چه‌ند بوارێکی دیکه له‌خۆده‌گرێت، هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

 

جێی ئاماژه‌یه، ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ له‌ پێشانگه‌که‌ی ئه‌مساڵدا به‌شدارن بریتین له‌ (ئه‌ڵمانیا ، ئوردن ، ئیماراتی‌ عه‌ره‌بی ، ئێران ، پاكستان ، به‌رازیل ، پرتوگاڵ ، توركیا ، روسیا ، چین ، سوریا ، كۆریایی باشوور ، لوبنان ، میسر، سعودیه‌ ، نه‌مسا ، هیندستان و یۆنان و چه‌ند وڵاتێكی دیکه‌ش).

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ

رێککه‌وتی 19/9/2013، به‌ڕێز سۆران ئه‌بوکر عه‌زیز جێگری سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر له‌باره‌گه‌ی‌ ژوور، پێشوازی له‌به‌ڕێز پارێزه‌ر فیراس مه‌ئمون سنۆفی خاوه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سنۆفی بۆ پارێزه‌ری و راوێژکاری یاسایی له‌سوریا و شاندی یاوه‌ری یاوه‌ری کرد.

 

له‌سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا، به‌ڕێز سۆران ئه‌بوکر عه‌زیز جێگری سه‌رۆکی ژوور به‌گه‌رمی به‌خێرهێنانی شاندی میوانی کرد و هیوای مانه‌وه‌یه‌کی باشی بۆ خواستن له‌کوردستاندا.

پاشان به‌ڕێزیان وێڕای گوێبیستکردنی شاندی میوان، ئاماژه‌ی به‌کاروباره‌ یاساییه‌کانی ژووری کرد و وتی:"رۆژ له‌دوای رۆژ له‌گه‌ڵ فراوانبوونی کاره‌کانماندا، کاروباره‌ یاساییه‌کانی ژوور زیاتر ده‌بن، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات که‌ پلان  و به‌رنامه‌ی باشتر بۆ ئیش و کاره‌کانمان پێویست بکات."

  

لای خۆیه‌وه، به‌ڕێز پارێزه‌ری رێپێدراو فیراس مه‌ئمون سنۆفی ‌ سوپاسگوزاری خۆی له‌به‌رامبه‌ر پێشوازیلێکردنیان ده‌ربڕی و، هاته‌ سه‌ر باسی سروشتی کاری نووسینه‌گه‌که‌یان، که‌ له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تی کارده‌کات له‌بواری کاروباره‌ یاسایییه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، به‌تایبه‌تی له‌بواری داوه‌ری بازرگانی و مه‌شقپێدانی پارێزه‌راندا.

به‌ڕێزیان ئامانجی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ژوور خسته‌ روو و رایگه‌یاند، که‌ ئه‌وان خوازیارن که‌ به‌شێکی یاسایی تایبه‌ت به‌ داوه‌ری له‌نێوان بازرگانان  له‌ناو ژووری بازرگانیدا دابمه‌زرێنن.

زیاتر روونیکرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، که‌ کاری ئه‌و به‌شه‌ داوه‌ری ده‌بێت له‌نێوان بازرگاناندا و له‌کاتی سه‌رهه‌ڵدانی کێشه‌ و گرفت و چه‌ند بوارێکی دیکه‌دا.

 

لای خۆیه‌وه‌، به‌ڕێز سۆران ئه‌بوکر عه‌زیز جێگری سه‌رۆکی ژوور، وێڕای پشتگیری له‌بیرۆکه‌ی کردنه‌وه‌ی به‌شه‌که‌، رایگه‌یاند، که‌ ئه‌و پرسه‌ دواتر له‌لایه ن به‌ڕێزیان ده‌خرێته‌ به‌رده‌م ده‌سته‌ی کارگێڕی ژوور تاکو له‌داهاتوودا تاوتوێ بکرێت و بڕیاری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌‌ر بدرێت.

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ

بڵاوکراوه‌کان

ڕۆژنامه‌ی بازرگانی سه‌رده‌م

ڕێبه‌ری ژوور

هه‌واڵی چاوه‌ڕوانكراو

سعر الصرف

به‌های گۆرینه‌وه‌ی دیناری عیراقی به‌ دولاری ئه‌مری...

«
»
« September 2024 »
Mon Tue Wed Thu Fri Sat Sun
            1
2 3 4 5 6 7 8
9 10 11 12 13 14 15
16 17 18 19 20 21 22
23 24 25 26 27 28 29
30            

نرخی دراو

نرخی دراو

کەشوهەوای هه‌ولێر

ئاگاداری

Copyright © 2012 Erbil Chamber. All Rights Reserved. سه‌ره‌وه‌ ↑