رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر پێشوازی لە خۆسێ ماریا فێررێ باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق كرد كە بۆ جاری یەكەمە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.
لە دیدارێكدا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور ئامادە بوون باڵیۆزی ئیسپانیا رایگەیاند ئێمە زۆر باش دەڕوانینە ئیش و كاری بازرگانی و پرۆژەكانی هەرێمی كوردستان كە لە لایەن ئیسپانیاوە سەرپەرشتی دەكرێت، و خۆشحاڵ دەبین بە پەرەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، وە راشیگەیاند هەرێمی كوردستان پێگەی گرنگی هەیە لە لای ئێمە وە زۆر باش ئاگاداری ئەم بارودۆخەین و ئێمەش بەشێكین لە هاوپەیمانەتیە گەورەیەی جیهان بۆ رووبەروبوونەوەی تیرۆر.
هەروەها ووتیشی ئێمە وەكو ئیسپانیا دەتوانین لە هەموو روویەكەوە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەین بەتایبەتی لە بواری گەشت و گوزار كە دەبینین كوردستان سروشتێكی زۆر جوانی هەیە و لە بارە بۆ پرۆژەكانی گەشت و گوزار ئیسپانیاش لە دوای فەرەنسا دێت لە پێشكەوتویی گەشت و گوزار لە ئەوروپا هیواشم وایە پەیوەندییەكانمان پتەوتر بكەین.
سەرۆكی ژووریش رایگەیاند ئیمە زۆر سوپاسی ئەو سەردانەت دەكەین هیوای سەركەوتنت بۆ دەخوازین و هیواخوازین ئەو دۆستایەتیە بەردەوام بێت و بە هەموو لایەك خزمەتی ئەو پەیوەندییە بكەین، سوپاستان دەكەین بۆ یارمەتی دانی هەرێم، خەڵكی كوردستان بەڕێزەوە تەماشای ئەم هاوكارییە دەكات، وە پەیوەندییەكی لەمێژینە لە نێوان هەردوولا هەیە دەتوانین پەرەی پێ بدەین .هەروەها وتی هیوادارین كە بەهەوڵ و كۆششی ئێوە كونسوڵی ئیسپانیا بكرێتەوە وە هێلێكی ئاسمانی راستەوخۆش لە نێوان هەرێم و ئیسپانیا بكرێتەوە ، ووتیشی ئەمانە یەكێكن لە فاكتەرە بەهێزەكانی پەیوەندی بازرگانی پتەو لە نێوان دوو ووڵات چونكە خەڵكێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان ساڵانە بۆ گەشت و گوزار روو لە ئیسپانیا دەكەن و وە خەڵكێكی زۆریشمان ئامادەن لە ئیسپانیا كاری وەبەرهێنان ئەنجام بدەن.
هەر لەو دیدارەدا هەردوولا داكۆكیان لە خواستی دوولایەنە بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان كردەوە و باڵیۆزی ئیسپانیاش جەختی لەوە كردەوە كە پەرە بە پەیوەندییە بازرگانی و سیاسیەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدەن كۆمپانیا و سەرمایەدارانی ئیسپانیا هان دەدەن بۆ ئەوەی رووبكەنە هەرێم و كار بكەن و وەبەرهێنان ئەنجام بدەن.