رۆژی 22/10/2015 د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر پێشوازی لە د. عومەر ئەحمەد ئەلكەندەری كونسوڵی گشتی وڵاتی كوێَت لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كوێت گفتوگۆی لەسەر كرا.
كونسوڵی كوێت رایگەیاند: ئێمە دەزانین كە پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەردوولا بە گوێرەی پێویست نیە، وە داتایەكی تەواومان لە بەردەست دانیە سەبارەت بەو كۆمپانیا و بازرگانانەی كوێت كە لە هەرێم كار دەكەن، بەڵێنی ئەوەشی دا كە لە ماوەی داهاتوو رۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت بۆ پتەوكردنی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوولا.
لە لایەن خۆشیەوە سەرۆكی ژوور وتی: بەراورد بە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات وڵاتی كوێت وەكو پێویست پەرەی بە پەیوەندی بازرگانی نەداوە لەگەڵ هەرێم.
وتیشی: كردنەوەی هێڵێكی ئاسمانی نێوان هەردوولا و بەستنی پەیوەندی لەگەڵ ژوورە بازرگانیەكانی كوێت و هاتنی شاندێكی خاوەن كار و بازرگان و كۆمپانیا كوێتیەكان بۆ هەرێم وا دەكات پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەردوولا پتەو بێت.
لە كۆتاییدا سەرۆكی ژوور ئامادەیی ژووری دەربڕی بۆ هەموو پاڵپشتیەك و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ماوەی كارەكانی وەكو كونسوڵ لە هەرێمی كوردستان.