بە بەشداری ١٣٠ کۆمپانیا لە ١٨ وڵات رۆژی ٢٠١٥/١١/١٦ لە سەر زەوی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر لە پارکی شەهید سامی عەبدولرەحمان لە هەولێری پایتەخت هەشتەمین پێشانگای کشتوکاڵ و کەرەستەی خۆراکی عێراقی کرایەوە.
لە رێورەسمی کردنەوەی پێشانگاکە هەریەک لە وەزیرانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وتەبێژی حکومەتی هەرێم و پارێزگاری هەولێرو سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و بەشێک لە نوێنەر و کونسوڵی وڵاتانی بیانی و عەرەبی لە هەولێر ئامادەی بوون.
لە وتەیەکیشدا سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری حکومەتی بۆ کۆمپانیا بەشداربووەکان و هەموو ئەو کۆمپانیایانە دووپات کردەوە کە دەیانەوێت لە هەرێم وەبەرهێنان بکەن.
لە لایەن خۆشیەوە عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند: رۆژ بە رۆژ لە هەرێمی کوردستان کشتوکاڵ پەرەسەندن بەخۆیەوە دەبینێت کردنەوەی پێشانگای لەم جۆرەش گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لە پەرەسەندنی زیاتری کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێم.
وەزیری کشتوکاڵ ئەوەشی خستە روو بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو بەرهەمی خۆماڵی دووبەرامبەر زیادی کردووە.