سۆران ئەبوبەکر جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر رێککەوتی ٢٣ی تشرینی دووەم سەردانی ژووری بازرگانی سویدو، لەلایەن سەرۆکی ژووری بازرگانی سویدەوە پێشوازی لێ کرا.
لە دیدارێکدا باس لە پەیوەندی بازرگانی نێوان سویدو کوردستان کرا، سۆران ئەبوبەکر ئاماژەی بە کەمیی کۆمپانیا سویدییەکان لە کوردستان کرد، بەراورد بە کۆمپانیاکانی تری وڵاتانی ئەوروپاو، داوای کرد ژووری سویدی هانی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی بدات روو لە کوردستان بکەن و کارگە بکەنەوە، بۆئەوەی هەلی کار بۆ گەنجان برەخسێنن تاکو کۆچکرنی گەنجان بۆ ئەوروپا کەم بێتەوە.
هەروەها جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولیر، داوای کردکۆمپانیاکانی سوید بەشداری زیاتر لە پیشانگای نیودەوڵەتی هەولیر بکەن، هەروەها یارمەتی ژوور بدەن بۆ پیاچوونەوە بە سیستەمی کارگێڕی لە رێگەی کردنەوەی خولی پێشخستنی تواناو شیاندنەوە.
لەبەرامبەردا سەرۆکی ژووری بازرگانی سوید ئامادەیی نیشاندا بۆ پتەوکردنی پەیوەندی بازرگانیی نیوان هەردوولاو بڕیاریدا لەسەرەتای ئەم مانگە لە هەولیر خولێک بکەنەوە بەسەرپەرشتی ژووری بازرگانی هەولێر، بۆ رێنوێنی ئەو کەسانەی تازە دەست بە کار دەکەن لە پرۆژەی بازرگانیدا.
لەلایەکی دیکە لە رێککەوتی ٢٥ی تشرینی دووەم سۆران ئەبوبەکر سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای گۆتنبێرگی کرد، لە دیدارێکدا باس لە رەوشی ئابووری کوردستان کراو، جێگری سەرۆکی ژوور دوپاتیکردەوە لە دۆخەکە بۆ هاتنی کۆمپانیاکانی سوید بۆ کوردستان لەبارە، لەبەرامبەردا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پاریزگای گۆتنبێرگ خۆشحالی خۆی نیشاندا بە ئەزموونی هەریمی کوردستان لە ناوچەیەکی هەستیارداو بەڵێنی هاوکاری زیاتری دا.
پاشان لە رێککەوتی ٢٦ی تشرینی دووەم جێگری سەرۆکی ژوور سەردانی پەرلەمانی سویدی لە ستۆکهۆڵم کردو، لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی سویدی کۆبووەوە، داوای لێ کردن رۆڵ ببینن بۆئەوەی کونسوڵخانەی سوید لە هەولێر بکرێتەوە، تاکو کۆمپانیاکانی سوید زیاتر روو لە کوردستان بکەن، هەروەها بەخشینی ڤیزا بە بازرگانان و هاونیشتمانیانی کوردستان ئاسانتر بێت. ئەوانیش بەڵینیاندا ئەو پیشنیارە بکەنە پرۆژەو پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی وڵاتەکەیانی بکەن.
هەمان رۆژ سۆران ئەبوبەکر سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی کوردستانی لە سوید کرد، لەدیداریکدا لەگەڵ شۆڕش قادر نوێنەری حکومەتی هەریم لەو وڵاتە، جێگری سەرۆکی ژوور داوای کرد نوینرایەتی حکومەتی هەرێم رۆڵی زیاتر بگێڕن لە ناساندنی دۆخی لەباری سەرمایەگوزاری کوردستان و هاندانی کۆمپانیا سویدییەکان بۆ رووکردنە کوردستان و کردنەوە لق و کارگە.