شاندێكی رێكخراوی یونسكۆ بە سەرۆكایەتی د. نەبیل نەقاش بەرپرسی بەرنامەی پەروەردە و سەرپەرشتیاری راهێنان و خوێندنی تەكنیكی سەردانی ژووریان كرد و لە لایەن د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور پێشوازییان لێكرا.
ئامانجی سەردانەكەیان كردنەوەی خولێكی راهێنانە بە دابینكردنی بودجەیەكی دیاریكراو لە لایەن رێكخراوی یونسكۆوە بۆ خاوەن كۆمپانیا و بازرگانان و خاوەن كاران بە تایبەتی لە بوارەكانی زمان و كۆمپیوتەر و هەروەها پەرەپێدانی ناوەندەكانی خوێندن وەكو قوتابخانە و زانكۆكان بۆ ئەوەی دەورێكی كاریگەرتریان هەبێت لە بەڕێوەبردن.
هەروەها د. نبیل ئەوەشی راگەیاند كە ئەوان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی پەروەردە، پلاندانان، كار و خوێندنی باڵا ئەم خولە دەكەنەوە.
لە لایەن خۆیەوە د. دارا جەلیل خەیات پاڵپشتی خۆی و ژووری نیشاندا بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتیەك و دەست خۆشی ئەم هەنگاوەی لێكردن.