رۆژی 25/8/2015 د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور پێشوازی لە شاندێكی رێكخراوی ((JETROی ژاپۆنی كرد كە پێكهاتبوون لە ماساو گۆتۆ بەڕێوبەری رێكخراو و ماسامی ئاندۆ سەرۆكی جێبەجێكار لە دوبەی و رۆژڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و هیكارۆ میزۆنۆ بەڕێوبەڕی تایبەت بە عێڕاق.
لە دیدارێكدا باس لە پتەوكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ژاپۆن كرا.
سەرۆكی ژوور رایگەیاند: ئێمە چاوەڕوانی هاوكاری و هەماهەنگی ئێوە دەكەین بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە پەیوەندیەكانمان بدەین كەخزمەت بە هەردوولا بگەیەنین.
ووتیشی: ئێستا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 74 نوسینگە و كونسوڵی وڵاتان هەیە، پێمان باشە ئێوەش نوسینگەی رێكخراوەكەتان لە شاری هەولێر بكەنەوە و كە هۆكارێكی بەهێز دەبێت بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەردوولا.
سەرۆكی ژوور ئەوەشی خستە روو كە هەولێر لە ئێستادا سەنتەری بازرگانی هەموو عێراقە دەتوانن لە رێگەی كردنەوەی نوسینگەی رێكخراوەكەتان لە شاری هەولێر كاروباری هەموو شارەكانی تری عێراق راپەڕێنن.
سەرۆكی ژوور پاڵپشتی و هاوكاری ژووری بازرگانی هەولێری دەربڕی بۆ هەر لایەنێك كە ئامانجی خزمەت كردن بێت بە گەشەسەندنی ئابووری و بازرگانی هەرێمی كوردستان، سوپاسی وڵاتی ژاپۆنی كرد كە توانیویەتی لە ماوەی رابردوو گوژمەیەكی تایبەت تەرخان بكات بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان.
لە بەرامبەردا شاندی میوان سوپاسی ژووری كرد بۆ دەربڕینی هاوكاری و هەماهەنگی رایانگەیاند: لە ئێستادا كۆمپانیا ژاپۆنیەكان چاویان لە وەبەرهێنان و كاركردنە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لە وڵاتانی ئیمارات و سعودیە و عێراق, ئێمەش وەكو شاندێكی ئەم رێكخراوە ئامانجی ئەم سەردانەمان وەرگرتن و كۆكردنەوەی زانیاری دەبێت لەسەر رەوشی بازرگانی و دۆخی ئابووری و ئەمنی هەرێمی كوردستان و عێراق، دوای گەڕانەوەمان دەست دەكەین بە داڕشتنی پرۆگرامێك بۆ چۆنیەتی هێنانی ئەو كۆمپانیا ژاپۆنیانەی كە هەرێمی كوردستان و عێراق لە ئێستادا پێویستی پێیەتی، بە تایبەت لە هەردوو سێكتەری ئاوەڕۆ و خاشاك.
سەبارەت بە كردنەوەی نوسینگەی رێكخراوەكەیان لە شاری هەولێر ماساو گۆتۆ ووتی: ئێمە تەواو دڵنیاین لە دۆخی ئەمنی هەرێمی كوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی بەڵام كردنەوەی نوسینگە بودجەیەكی تایبەتی دەوێت لە ئێستادا ناتوانین ئەو كارە بكەین ، بەڵام لە ماوەی داهاتوو كاری لەسەر دەكەین.