بۆ چارەسەری كێشەی كەرتی پیشەسازی هەفتەی داهاتوو كۆنفڕانسێك ساز دەكرێت
رۆژی 27/1/2016 شاندێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ئاراس رەئوف بەڕێوبەری گشتی بەشی پیشەسازی لە وەزارەت سەردانی ژووریان كرد و لە لایەن د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور پێشوازییان لێكرا.
لە دیدارێكدا كە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور ئامادەی بوون باس لە دوایین گۆڕانكاری یە ئابووری یەكانی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان كرا، هەروەها چۆنیەتی كارتێكردنی ئەم بارودۆخە لەسەر پیشەسازكارانی هەرێمی كوردستان قسەی لەبارەوە كرا.
بۆ ئەم مەبەستە وا بڕیارە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە هاوكاری یەكێتیی ژوورە بازرگانیەكانی هەرێم و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم لە هەفتەی داهاتوو كۆنفڕانسێك لەسەر خستنە رووی گرنگترین ئەو كێشە و گرفتانەی كە رووبەرووی پیشەسازكاران بونەتەوە لە هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگا چارەیەك بۆی سازدەكرێت.
لەم كۆنفڕانسەدا بانگێشتی گشت ئەو لایەنانە دەكرێت كە بە شێوەیەكی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پەیوەندیان بەم بابەتەوە هەیە.