ئێوارەی رۆژی 9/10/2016 هاوكات لەگەڵ سێیەمین كۆنفڕانسی ئابووری لە هۆتێل رۆتانا لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور، وە ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و حیزبی و ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور لە خولی هەشتەم (ئێستا)، بەشێك لە ئەندامان و سەرۆكانی ژووری بازرگانی هەولێر لە خولەكانی پێشوو، وە ئامادەبوونی بەشێك لە نوێنەران و كونسوڵانی وڵاتانی بیانی و عەرەبی لە هەولێر وە بەشێك لە ئەندامان و سەرۆكی ژوورە بازرگانیەكانی عەرەبی و بیانی، وەبەشێك لە بازرگانان و خاوەن كۆمپانیاكانی ناوخۆ و بیانی ئاهەنگێك بەم بۆنەیەوە سازكرا.
لەم ئاهەنگەدا ژمارەیەك پارچە میزیك لە لایەن تیپی مۆسیقای هەولێر كە گوزارشتی لە شاری هەولێر و شارەكانی تری هەرێم دەكرد پێشكەشكرا.
دواتر پارچەیەك ڤیدیۆی دۆكیومێنتاری دەربارەی كەرتەكانی بازرگانی، پیشەسازی، كشتوكاڵی و گەشت و گوزار وە گرنگترین پرۆژە و وەبەرهێنان لە شاری هەولێر خرایە روو.
پاشان لە لایەن سەرۆكی ژوور خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی ژووری بازرگانی بەشێك لە وڵاتانی بیانی و ئەندامان و سەرۆكانی خولەكانی پێشووی ژوور كە ساڵانێك خزمەتیان كردووە و ناویان بە بەرزی ماوەتەوە.
دواتر لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور خەڵاتی رێزالێنان بەخشرایە ئەو كەس و لایەنانەی كە ماوەیەكی دوور و درێژ تەمەنی خۆیان لە خزمەتی كاری بازرگانی لە شاری هەولێر بەسەر بردووە.
لە كۆتایی دا ژمارەیەك گۆرانی لەسەر شاری هەولێر پێشكەشكرا كە گوزارشت لە پێكەوە ژیانی نەتەوەكان و پێشكەوتنی شاری هەولێر و قەشەنگی ئەو شارە دەكرد.