هاوكات لەگەڵ یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی چالاكیەكانی خۆیدا بە چاودێری رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، كۆنفڕانسێكی تایبەت لە ژێر ناونیشانی (رۆڵی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووری هەرێمی كوردستان) سازدەكات.
ئەم كۆنفڕانسە لە 9-10/10/2016 لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بە بەشداری ژمارەیەك لە شارەزا و پسپۆڕی كوردستانی، عێراقی، هەرێمی و ئەوروپی بەرێوە دەچێت، لە ماوەی ئەو دوو رۆژەدا 6 پەنەڵ گفتوگۆی لەسەر دەكەن كە بریتین لە :
1- هاوبەشكاری كەرتی گشتی و تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووری
2- بەڕێوەبردنی تەنگژەی ئابووری
3- ژینگەی كار و وەبەرهێنان لە كوردستان
4- فێركردن راهێنانی پیشەیی بۆ پەرەپێدانی كەرتی تایبەت
5- لە دوای نەوت، پەرەپێدانی ئابووری جێگرەوە
6- گەشەكردنی كەرتی تایبەت لە فێركردنی باڵا
لەم كۆنفڕانسەدا گفتوگۆی تێروتەسەل دەربارەی هەریەك لەو پەنەڵانە بكرێت و بابەتی گرنگ و هەستیار كە خزمەت بە رەوشی ئابووری هەرێم دەكات دەوروژێنیرێ، بە هەمان شێوەی كۆنفڕانسە ئابووریەكان ، ئەم كۆنفڕانسەش دەرئەنجامی دەبێت و بە ئامادەكردنی راسپاردە بۆ باشتر كردنی رەوشی ئابووری هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت.
وا چاوەڕوان دەكرێت دەقی ئەو راسپاردانە بكرێت بە راپۆرتێك و پێشكەش بە حكومەتی هەرێم بكرێت بۆ ئەوەی لە دارشتنی نەخشەو پلانەكانی داهاتوو لەبەر چاو بگیرێن، پێویستە بەشداربووانی كۆنفڕانس كە پێشوەختە داوەت كراون ئامادەكاری بكەن بۆ بەشداری كردن لە گفتوگۆكانی پەنەڵەكان و بە سەرنج و پێشنیارەكانیان نوسینەوەی راسپاردەكان دەوڵەمەندتر بكەن لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو قەیرانە ئابووری و داراییەی كە هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە.