بانكی نێودەوڵەتی بەرنامەی هاوكاری بۆ پرۆژەكانی كوردستان دەخاتە روو
بانكی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی پرۆژە بچوك و مامناوەندییەكان لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە رۆژی 28/2/2016 شاندێكی بانكی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی خاتوو سیلڤیا زولو بەڕێوبەری جیهانیی سەردانی ژووریان كرد و لە لایەن د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور پێشوازییان لێكرا.
لە كۆبوونەوەیەكدا شاندی میوان پێشنیار و رای خۆیان خستە روو سەبارەت بە پەرەپێدانی پرۆژەی بچوك و مامناوەندی لە هەرێمی كوردستان ، بۆ ئەو مەبەستەش بەدوای دەزگایەكی ئیداری وداراییدا دەگەرێن كە باوەر پێكراوو جێی متمانە بن بۆ ئەوەی ئەو برە پارەیەی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان كراوە لە ئەستۆ بگرن لەكاتی پێویست و جێبەجێ كردنی بەرنامەی رێكخراوەكەیان ئاستەنگیان بۆ دروست نەكرێت ، خاتوو سیلڤیا وتی: پەرەپێدانی ئەم پرۆژانە لە رێگای كردنەوەی خولی پەرەپێدانەوە لە لایەن راوێژكارەكانمانەوە وە پەرەپێدان ئاستی فرۆشیان ئەركی ئێمەیە، لێرەدا رۆلی ژووری بازرگانی دۆزینەوەی ئەم جۆرە رێكخراو ناوەندانە و دەست نیشان كردنی ئەو سێكتەر و پرۆژانە دەبێت كە دەكرێت لەو بەرنامەیە سوود مەند بن تا لەو رێگایەوە هەلی كاری زیاتر برەخسێنن و بەشدار بن لەبەرزكردنەوەی ئاستی هونەری و كارگێڕی ئەو كەرتە ئابووریانەو پەرەپێدان و پێش خستنیان.
شاندی میوان ئەوەشیان خستە روو كە لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان دوو جۆرە پرۆژە هەن بەشێكیان بەهۆی ئەم قەیرانەوە كارەكانیان وەستاوە و بەشەكەی تریش لەگەڵ ئەوەی چەندین ئاستەنگ و بەربەست لە پێشیانە بەڵام بەردەوامن لە كاركردن ئێمە دەتوانین لە رێگەی كردنەوەی خولی پەرەپێدان پاڵپشتیان بكەین.
خاتوو سیلڤیا ئەوەشی خستە روو كە ئێستا ئەوان لە پرۆژەكانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەشدارن و تێبینی ئەوەیان كردووە كە ساڵانە نزیكەی یەك ملیار دۆلار بەهۆی بەكارهێنانی گازی شل لە جێگای گازی سرۆشتی بەفیرۆ دەچێت، بۆیە لە هەوڵی چارەسەری ئەم كێشەیە دان.
لە لایەن خۆیەوە سەرۆكی ژوور رایگەیاند: جێگەی رێزە كە ئێوە بتوانن لەم بارودۆخە داراییە قورسەدا پاڵپشتی پرۆژەكان بكەن لە هەرێمی كوردستان لە گشت سێكتەرەكان.
سەرۆكی ژوور وتی: لە بارودۆخی ئێستادا هەندێك پرۆژەی سەرەكی هەن كە بەهۆیەوە ئابووری وڵات دەبوژێتەوە زۆر پێویستە پەرە بەم پرۆژانە بدرێت.
سەرۆكی ژوور ئەوەشی خستە روو كە حكومەتی ناوەند بڕە پارەیەكی تەرخان كردووە بۆ پەرەپێدانی پرۆژە بچووك و مامناوەندییەكان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بەڵام ئەم پاڵپشتیە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، وە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ئێستادا توانای ئەوەی نیە پەرە بەم پرۆژانە بدات.
وتیشی: بە تەنیا پەرەپێدانی ئەم جۆرە پرۆژانە بە تەنیا لە رێگای كردنەوەی خولی هونەری و كارگێڕی سودێكی ئەوتۆ ناگەیەنێت پێویستە هاوكاری داراییش بكرێن ئەمەش بە دابینكردنی بڕێكی دیاریكراو چ لە رێگەی ژوورەوە بێت یان لە رێگای رێكخراوێكی ترەوە.
بریاردرا كە هەماهەنگی بكەن بۆ كردنەوەی خوولی راهێنان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرێوەبردن و بە بازاركردنی بەرهەمەكان بۆ چەند خاوەن پرۆژەو كادرە ئیداریەكانیان و، بەردەوامبن لە هەماهەنگی كردن و هەولدان بۆ دۆزینەوەی ئەو ناوەند و رێكخراوو كۆمپانیانەی دەتوانرێت بۆ جێبەجێ كردنی تەواوی بەرنامەی هاوكاریەكانی ئەو رێكخراوە پشتیان پێ ببەسترێت .