رۆژی 1/2/2016 ئاكینۆبتۆ كینۆتشای سەرۆكی كۆمەڵەی دۆستایەتی ژاپۆنی – كوردستانی و پەرلەمانتار لە پەرلەمانی ژاپۆن سەردانی ژووری كردو لە لایەن د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور و عەبدولكەریم مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور پێشوازی لێكرا.
لەو دیدارەدا ئاكینۆبتۆ كینۆتشای رایگەیاند: ئێمە هاتوین بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی گشت سێكتەرەكان لە هەرێمی كوردستان چونكە هەرێم دەوڵەمەندە لە گشت بوارەكان.
وتیشی: ئێمە بە هاوكاری رێكخراوی جیترۆ توانیومانە كۆنفڕانسێك لە عێراق ساز بكەین لە هەمان كات دا هەر لە رێگەی ئەم رێكخراوەوە پەیوەندیەكانمان بەردەوامە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی بازرگانی.
ئەوەشی خستە روو: كە ئەوان لە رێگەی حكومەتی وڵاتەكەیانەو كار لەگەڵ وڵاتان دەكەن لە ئێستاشدا بەشی هەرە زۆری كاڵاكانمان لە رێگەی وەكیلی كۆمپانیا ژاپۆنیەكان لە هەردوو وڵاتی ئوردن و ئیماراتەوە هەناردەی وڵاتی عێراق دەكرێن، هۆكارەكەشی بۆ باش نەبوونی دۆخی سیاسی حكومەتی مەركەزی عێراق گەڕاندەوە لە هەمان كاتیشدا نەبوونی سیستەمێكی بانكی رێك و پێك.
لە لایەن خۆیەوە د. دارا جەلیل خەیات دوای بەخێرهێنان رایگەیاند: كە ژاپۆن تا ئێستا نەیتوانیوە بەردەوامی بە پەیوەندییە بازرگانیەكانی بدات لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر ژاپۆن زۆر دواكەوتووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانیەكانی لەگەڵ هەرێم.
ئەوەشی خستە روو: كە ژاپۆن پەیوەندییە بازرگانیەكانی هەم لەگەڵ عێراق و هەم هەرێمی كوردستان لاوازە و بەگوێرەی پێویست نیە كە چی هەرێمی كوردستان بەرقەراریەكی تەواوی ئەمنی هەیە.
سەرۆكی ژوور داوای لێكردن هەول بدەن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێم بەهێز بكەن بە سازدانی كۆنفڕانسێكی گەروە لە نێوان كۆمپانیاكان و خاوەن كارانی هەردوولا وە كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستانیش بتوانن ببنە وەكیلی كۆمپانیا ژاپۆنیەكان لە هەرێمی كوردستان.