رۆژی 3/2/2016 د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور پێشوازی لە شاندێكی كونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەولێر بە سەرۆكایەتی كۆر ستۆوتن جێگری كونسوڵ كرد.
لە دیارێكدا كە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور ئامادەی بوون جێگری كونسوڵی هۆڵەندا وتی: ئێمە وەكو وڵاتی هۆڵەندا بەردەوام دەبین لە هاریكاری هەرێمی كوردستان بە هەردوو شێوەی ماددی و مەعنەوی بەڵام بە هۆی ئەم قەیرانەی ئێستا كە بەشێكی زۆری وڵاتانی جیهانی گرتۆتەوە و هۆڵەنداش بێ بەش نەبووە بۆیە لە ئێستادا هاوكارییە ماددیەكانمان تەنها بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.
وتیشی: ئێمە دەزانین كە هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆرستانی داعش و دابەزینی نرخی نەوت بەدەر نەبووە لەم قەیرانە و ئێمەش وەكو وڵاتی هۆڵەندا و رێكخراوە خێرخوازیەكانی هۆڵەندا پاڵپشتی كەرتەكانی تایبەت دەكەین بە شێوەی مەعنەوی لە رێگای كردنەوەی خولەكانی پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی توانای مرۆیی.
كۆر ستۆون ئەوەشی خستە روو: كە كوردستان لە گشت سێكتەرەكان دەوڵەمەندە بەڵام پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە وڵاتی هۆڵەنداش بەتایبەت لە سێكتەرەكانی كشتوكاڵی و پیشەسازی خۆراك و ریسایكلین ئەزمونێكی دەوڵەمەندی هەیە و دەتوانین هاوكارتان بین لەم بوارانە.
لە لایەن خۆشیەوە سەرۆكی ژوور زۆر سوپاسی حكومەتی هۆڵەندای كرد لە بەردەوامی پاڵپشتی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان.
وتی: بوونی ئەم شەڕە نەخوازراوە و دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی رێژەیەكی زۆر لە ئاوارەكانی عێراق و سوریا بۆ هەرێم پاڵەپەستۆیەكی زۆری لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست كردووە لە لایەكی تریشەوە هاوكارییە نێودەوڵەتیەكانیش وەكو پێویست نین.
سەرۆكی ژوور ئەوەشی خستە روو كە كەرتەكانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە لە ئێستادا هەردوو كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی كە هەرێمی كوردستان خاوەنی زەویەكی بە پیت و ئاوێكی باشە پێویستی بە پەرەپێدان و وەبەرهێنان هەیە لەم كەرتانە، وتیشی ئێمە دەزانین كە وڵاتی هۆڵەندا لە وڵاتە هەرە پێشكەوتوەكانە لەم بوارەدا بۆیە پێویستمان بە پاڵپشتی ئێوە هەیە.
سەبارەت بە واژووكردنی ئەم یاداشتنامەی كە بۆ پێشخستنی توانای مرۆیی كراوە زۆر سوپاسی كردن هیوای خواست كە لە ماوەی داهاتوو بتوانین سوود لە ئەزموونی هۆڵەندا وەربگرین لە گشت بوارەكان.
دواتر ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و رێكخراوی خێرخوازی SPARKی هۆڵەندی بە هاوكاری قونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەولێر یاداشتنامەیەك بۆ پەرەپێدانی توانای مرۆیی كەرتەكانی تایبەت لە هەولێر واژوو كرا.