لە درێژەی هەماهەنگی و هاوكارییەكانی نێوان ژوور و نێوەندە زانستیەكان بۆ ئاڕاستەكردنی قوتابی وخوێندكارانی زانكۆكان بەرەو كاركردن لە بواری كەرتی تایبەت و پڕچەك كردنیان بە زانیاری دەربارەی بازاڕی كار و پێداویستیە هەنوكەییەكانی كەرتی تایبەت و هاندانیان بۆ دەست كردن بە كار و دامەزراندنی پرۆژەی بچوك رۆژی دوشەممە 27/11/2017 كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی/ زانكۆی سەڵاحەددین بە سەر پەرشتی هەوران عبدالله سەرۆكی بەشی ئینگلیزی و مامۆستای بابەتی پەروەردەی كاری ئازاد سیمینارێكی بۆ عەبدولواحید تەها بەڕێوبەری راگەیاندنی ژوور و شارەزا لە بواری راهێنان لەسەر بەرنامەی پێشەنگی كار لە بارەگای كۆلێژ رێكخست.
لەو سیمینارەدا زیاتر لە 120 قوتابی و خوێندكار ئامادەبوون تیشك خرایە سەر چۆنیەتی كاركردن لە بواری كەرتی تایبەت ئەو رێكارانەی پێویستن بۆ دامەزراندنی پرۆژەی بچووك و مامناوەند هەروەها ئامادەكاری بۆ قۆناغەكانی دوای خوێندن و چۆنیەتی هەڵس و كەوت كردن لەگەڵ بازاڕی كار.
سیمنارەكە ماوەی دووكاژێری خایاند لە كۆتایی وەڵامی سەرجەم پرسیاری بەشداربووان درایەوە.