رۆژی 12/11/2020 د. دارا جەلیل خەیات سەرۆکی ژوور پێشوازی کرد لە سوبهاش کەین کونسوڵی نوێ هیند لە هەولێر و شاندی یاوەری.
لە دیدارێکدا سەدرەددین کەمال ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور ئامادەبوو، دوای بەخێرهاتن باس لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەکان و ئاڵوگۆڕی شاندە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتی هیند و هەرێمی کوردستان کرا.
سوبهاش کەین وتی: سەرەتای هاتنم بۆ عێراق زۆر قورس بوو بە تایبەتی لای خانەوادەم بە هۆی ئەوەی رەوشی عێراق نا ئارامە، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا رێك پێچەوانەیە كە دەبینم هەرێمی كوردستان چەندە ئارامە و خەڵكەكەی چەندە مرۆڤ دۆستن خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە وا لە شارێك و هەرێمێکی وا ئارام ئەم ئەرکەم پێ سپێردراوە، خۆم و خێزان و تیمەکەم زۆر ئاسوودەین لێرە.
کەین وتی: زیاتر لە دە هەزار کرێکاری هیندستان لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لە سێکتەرە جیاوازەکان، بەهۆی کارەکەم بە دواداچوونم کردووە و قسەم لەگەڵیان کردووە هیچ کێشەیەکیان نەبووە بە پێچەوانەوە زۆر ئاسوودەن لێرە، ئێمەش دەمانەوێت زیاتر پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکان بدەین و بەشدار بین لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان بکەین.
د. دارا جەلیل خەیات کورتەیەك لە پتەوی پەیوەندییە دۆستانەی کلتوری ، ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هیندستان و هەرێمی کوردستانی باس کرد، سەرۆکی ژوور وتی: وڵاتی هیندستان بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە دەتوانین سوود لە پێشکەوتنەکانی ئەو وڵاتە ببین و ئەزمونەکانیان بۆ هەرێم بگوازینەوە هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد هەوڵ دەدەین لە ماوەی داهاتوو پەیوەندیەكانمان زیاتر بكەین بەهاوکاری هەموو لایەك هەوڵ بدەین زۆرترین كۆمپانیای هیندستان بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
لە کۆتایی دا سەرۆکی ژوور هیوای سەرکەوتنی ئەرکە نوێ یەکەی بۆ خواست، هەروەها هەردوولا جەختیان لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوانیان کردەوە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەکان لە ماوەی داهاتوو.