هەرێمی کوردستان و کۆڵنەدان لەسەر گەشەی بەردەوام
بێگومان کۆڵەگەی سەرەکی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەر وڵاتێك و ناوچەیەك پەیوەستە بە سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی ئەو ناوچەیە، سوپاس بۆ خوا و هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش بە شەونخونی و کاری بەردەوام توانیویانە لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاژاوە و کێشمەکێش و ململانێ ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بپارێزن، بوونی سەدان نوێنەر و کونسوڵخانە بیانییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لە هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر بەتایبەتی شاهێدی ئەم راستیەن و هاتنی شاندە بازرگانیەکان و وەبەرهێنەرانی وڵاتان و کۆمپانیا جیهانیەکان بۆ شاری هەولێر و کردنەوەی لقەکانیان دەتوانین بڵێین هەولێر وەکو دەرگای بازرگانی لێهاتووە بۆ سەرجەم ناوچەکانی تری عێراق سەلماندنێکی تری ئەم راستیەیە.
بەداخەوە لەم ماوەیەی دوایی بە پاساوی جەنگی فەڵەستین بە بیانوی هێرش بۆ سەر هاوپەیمانان، چەندین جارە گروپی چەکداری لە یاسا دەرچوو بە دڕۆن هێرش دەکەنە سەر شاری هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە هەمان کات دا زیان بەر ماڵ و موڵك و گیانی خەڵکی مەدەنی و بارەگای هێزەکانی پێشمەرگە کەوتووە بێ ئەوەی تا ئێستا حکومەتی عێراق هەڵوێستی جدی هەبێت لەسەر ئەم بابەتە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە رەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر جوڵەی بازرگانی و ئابووری لەسەر عێراق بە گشتی.
ئێمە لە ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر داوا لە نوێنەر و کونسوڵخانەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکەین فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بە زووترین کات کاری جدی بکات و هەوڵبدات بکەرانی ئەم هێرشانە بدۆزێتەوە و بیانگەینێ بە سزای یاسایی خۆیان، داوا لە خوای گەورەش دەکەین هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر دووربکات لە هەموو شەڕ و ئاژاوە و پلانێکی دوژمنان، خەڵك و خاکەکەی بپارێزێت.