×

کار بۆ فراوانکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان بولگاریا و هەرێمی کوردستان دەکرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2025/4/23، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی رەشید مستەفا میرخان و سالار سەڵاح خۆشناو، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی پێشوازیان کرد لە د. ئەناتۆلی دیشێڤ، راوێژکاری وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بولگاریا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا و شاندی یاوەری.
لە دانیشتنێکدا کە هەریەك لە بەڕێوبەری گشتی ژوور، راوێژکار و بەرپرسی پەیوەندیەکانی ژوور ئامادەبوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی رێگاکانی فراوانکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان بولگاریا و هەرێمی کوردستان.
کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور، ئاماژەی بە پەیوەندی لە مێژینەی ئابووری نێوان بولگاریا و هەرێمی کوردستان کرد، هیوای خواست کۆمپانیا بولگاریەکان بەشێوەیەکی کاراتر بەشداربن لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکان بەرهەمەکانیان نمایش بکەن.
جێگری سەرۆکی ژوور داوای لە شاندی میوان کرد کە هەوڵ بدەن هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەیان بدەن بۆ وەبەرهێنان کردن لە سێکتەرەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، ئێمەش وەکو ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ئامادەین بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگیەك.
د. ئەناتۆلی دیشێڤ، راوێژکاری وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بولگاریا، رایگەیاند؛ کە ئامانجی سەردانەکەی بەرەوپێشبردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، وتی؛ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی بولگاریا ئامادەن بێنە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
د. ئەناتۆلی، ئەوەشی خستەروو، کە بە هەموو شێوەیەك بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی بازرگانی بولگاریا لە هەولێر، هاوکار و هەماهەنگ دەبن بۆ پێشخستنی ئەم پەیوەندیە.
هەر لەم دانیشتنە، ئەنجامدانی دیدارێك و دروستکردنی ئەنجومەنێکی بازرگانی نێوان هەردوولا گفتوگۆی لەسەر کرا.

بابەتێکی پەیوەندیدار