×

لە پەرلەمانی ئۆکرانیا هەوڵ بۆ دروستکردنی پلاتفۆڕمێکی بازرگانی نێوان ئۆکڕانیا و هەرێمی کوردستان دەدرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2025/4/23، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە ئامادەبوونی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، پێشوازیان کرد لە بۆهدانێتس ئەندری ڤۆڵۆدیمیرۆڤیج، سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵی لە پەرلەمانی ئۆکڕانیا و تامیلا تاشێڤا، ئەندامی پەرلەمانی ئۆکڕانیا.
دوای بەخێرهێنان، لە دانیشتنێکدا، شاندی میوان باسیان لەو بەرهەم و کاڵایانە کرد کە ئۆکڕانیا هەناردەی دەرەوە دەکات، رایانگەیاند؛ پێش دروستبوونی ئاڵۆزیەکان لە نێوان ئۆکڕانیا و روسیا، بەرهەم و کاڵاکانی وڵاتی ئۆکرانیا بە تایبەت لە سێکتەری کشتوکاڵی هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرا بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، لە ئێستادا بەهۆی ئاڵۆزیەکان ئەم هەناردەیە لاواز بووە، بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین و کاردەکەین لە پەرلەمانی ئۆکڕانیا، بۆ دروستکردنی پلاتفۆڕمێکی بازرگانی لە نێوان ئۆکڕانیا و هەرێمی کوردستان، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان و هەناردەکردنی کاڵاکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ.
شاندی میوان ئەوەشیان خستەروو کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە هەولێر دەکەنەوە و لە هەمان کاتیش بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کار دەکەن بۆ بوونە دەستەخوشکی هەردوو شاری کیڤ و هەولێر.
کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور، هیوای خواست هەرچی زووە کۆتایی بە ئاڵۆزیەکان بێت و ئارامی و سەقامگیری باڵ بەسەر هەموو جیهان بکێشێت، رایگەیاند؛ وڵاتی ئۆکڕانیا یەکێکە لە وڵاتە کاریگەر و بەهێزەکانی ئابووری لە جیهان، ئێمەش خۆشحاڵ و هاوکار و هەماهەنگ دەبین بۆ هەر کارێك کە ئامانج لێ ی خزمەتکردن بێت بە کەرتی بازرگانی و ئابووری.
هەروەها پرسی کردنەوەی پێشانگای بەرهەمەکانی ئۆکرانیا لە هەولێر و چەند تەوەرێکی تری تایبەت بە پرسی پەیوەندیە ئابووری و بازرگانیەکانی نێوان ئۆکڕانیا و هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕی شاندە بازرگانیەکان لە نێوان هەردوولا گفتوگۆی لەسەر کرا.

بابەتێکی پەیوەندیدار