ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

هەشتەمین كۆنفڕانسی وزە لە بەرلین بەڕێوەچوو

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ دوو شەممە, 04 کانونی یەکەم 2017 07:30
بە بەشداری شاندێكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر كە پێكهاتبوون لە باقی محەممەد هادی، جەوهەر خدر، مستەفا محەممەد، تاهیر مەولود، سەدرەددین كەمال، عەبدولكەریم مستەفا، ماجد جەلال و كەمال عەزیز ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور جەلال عەبدولكەریم لە بەشی پەیوەندییەكان، رۆژانی 28-29/11/2017 كۆنفڕانسی ئابووری وزە لە شاری بەرلین پایتەختی وڵاتی ئەڵمانیا سازكرا.
لەم كۆنفڕانسە زیاتر لە (300) شارەزای ئەوروپی و عەرەبی لە بواری وزە بەشداربوون، لە هەمان كات دا ژمارەیەكی زۆر لە بازرگانان و كۆمپانیای تایبەتمەند لە بواری وزە لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی بەشداربوون.
ئەم كۆنفڕانسە لە لایەن ژووری بازرگانی عەرەبی – ئەڵمانی رێكخرابوو، دەستپێكی كردنەوەی ئەم كۆنفڕانسە عەبدولعەزیز مەخلافی سەرۆكی ژووری بازرگانی عەرەبی – ئەڵمانی وتەیەكی پێشكەش كرد.
بەگشتی ناوەڕۆكی كۆنفڕانس لەسەر بەهێزكردن و پتەكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان بوو لە بواری وزە لە نێوان ئەڵمانیا وڵاتانی عەرەبی، هەروەها جەخت لەسەر وەبەرهێنانی زیاتری كەرتی وزە كرایەوە لە وڵاتانی عەرەبی لە لایەن كۆمپانیا ئەڵمانیەكان.
هەر لەم كۆنفڕانسە شارەزایانی ئەڵمانی رایانگەیاند لە ئێستادا وڵاتی ئەڵمانیا گەروەترین وەبەرهێنان دەكات لەم كەرتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەوڵی زیاتر كردنیشی دایە.
شایانی باسە شاندی ژوور بەجیا لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی بەشداربووی ئەم كۆنفڕانسە گفتوگۆیان كرد سەبارەت بە لەباری كەشی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم كەرتە.
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 1591 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ سێ شەممە, 05 کانونی یەکەم 2017 08:57