رۆژی دووشەممە ٢٠١٨/١٠/٢٢ لە شاری هەولێر، یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری كونسوڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەولێر دیدارێكی بازرگانی ساز كرد بۆ شاندێكی uskbc نوێنەری كۆمپانیاكانی ئەمەریكا ئەوانەی لە هەولێر كار دەكەن . سەرەتاش د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان وتەی بەخێرهێنانی پێشكەشكرد و وێرای بە خێرهێنانی ئامادەبوان باسی لە رەوشی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستانی كرد . هەروەها گوتی ئێمە پەیوەندیەكی پتەوی بازرگانیمان لەگەڵ زۆرێك لە وڵاتانی بیانی هەیە و ئەمەریكاش یەكێكە لە وڵاتانە و ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگیەكین . هەروەها گوتی هیوادارم لەم دیدارەدا بتوانین بازرگانانی خۆمان و بازرگانانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پەیوەندیەكی پتەوی بازرگانی دروست بكەن و بتوانن لە داهاتوو كاری بازرگانی ئەنجام بدەن . هەروەها ئاماژەی بەوەشدا مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو دیدارە زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیەكانی بواری بازرگانی و پیشەسازیی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە، لەم دیدارەدا شاندێكی كۆمپانیا ئەمریكییەكان كە لە ٣٥ كەس پێكهاتبوون و نوێنەرایەتی ٢٠ كۆمپانیایان دەكرد، بەشدارن .
دواتر ستیڤ فەیگن، كونسوڵی ئەمریكا لەهەولێر لەبارەی بەرێوەچونی دیدارەكە رایگەیاند: خۆشحاڵم بەوەی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریكا بڕیاریدا شاندێك رەوانەی هەولێر و سلێمانی بكەن و كونسوڵخانەكەشیان چالاكانە كار دەكات لەگەڵ خاوەنكاران و بەشداری پێكردنیان لە خستنەگەڕی هەلی وەبەرهێنان و بازرگانی كردن.
فەیگن پابەند بوونی بەهێزی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاشی لەسەر ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەرێمی كوردستانی دوپات كردەوە و وتی: لە ماوەیەكی كورتی كارەكانم لەگەڵ زۆرێك لە كۆمپانیاكانی وڵاتەكەم كۆبوومەتەوە و سەرسام بووم بەوەی كۆمپانیاكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی ستاندارد و پابەند بەیاساكان لە ھەرێمی كوردستان كاریان كردووە.
هیواشی خواست لەگەڵ كۆمپانیاكان كاری هاوبەش ئەنجام بدەن و كار لەگەڵ هەمووان بكەن لەهەرێمی كوردستان .
دواتر دەیڤید تەفوری سەرۆكی دەزگای USKBC وتەیەكی پێشكەشكرد و گوتی زۆر خۆشحاڵم ئەمرۆ داوەتی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستانم و ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان كار بكەین بە تایبەتی كە دەبینین ئێستا هەرێمی كوردستان ناوچەكی زۆر ئارامە بەبەراورد بە ناوچەكەكانی دیكەی عێراق . هەروەها گوتیشی ئێمە بەردەوام پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستان دەكەین و هەوڵدەدەین لە ماوەی داهاتوو پەیوەندیەكانی بواری بازرگانی و پیشەسازی زیاتر گرنگی پێبدەین و پێكەوە كار بكەین . گوتیشی كۆمپانیاكانی ئێمە دەیانەوێت لێر كار بكەن و دەتوانین هەردوولا زیاتر پەرە بە پەیوەندیەكانی بواری بازرگانی و پیشەسازی بدەین .
دواتر فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم شاندێكی وا گەورەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەولێر و دەیانەوێت لێرە كاری بازرگانی ئەنجام بدەن . هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە كە زۆرترین كۆمپانیای بیانی بێنێتە هەرێم و پەرەی بە پەیوەندیەكانی لەگەڵ زۆرێك لە وڵاتان داوە . ئاماژەی بەوەشكرد كە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆر هاوكاری كەرتی تایبەتی كرد و دەیەوێت كەرتی تایبەت هاوشانی كەرتی گشتی كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی و پێشخستنی هەرێمی كوردستان بكات . هەروەها گوتیشی ئەمەریكا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بەردەوام هاوكاری هەرێمی كوردستانی كردووە و هیوادارین لە هاوكاریەكانی بەردەوام بێت .
هەروەها بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا سەبارەت بەهاتنی كۆمپانیاكان و بەرێوەچوونی دیداری لەم شێوەیە راگەیاند: بەشێك لەم كۆمپانیایانەی ئێستا هاتوون، پێشتر لە هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی نەوت و ئاسایش و دروستكردنی مۆڵ و هوتێل كاریان كردووە، بەردەوامیش دەبن، مەبەستی هاتنیشیان ئەوەبووە، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و بازرگانان ببینن و كۆببنەوە لەگەڵیان.
ئەوەشی ڕاگەیاند: بەشێكی دیكە لە كۆمپانیاكان بۆ یەكەم جارە هاتوون و دەیانەوێت بزانن لە هەرێمی كوردستان چی هەیە، سەقامگیریی و باشتربوونی دۆخی ئابوری كوردستان لە نزیكەوە ببینن، ئەوان بیستوویانە دۆخی ئابوری بەرەو باشتر دەچێت و بۆ ئەوانیش كاتەكەی گونجاوە، حكومەتی هەرێمیش رۆڵی گەورەی هەیە و پێویستە هاوكاریی كۆمپانیا خۆماڵی و بیانیەكانیش بكات لە ھەر ھەوڵێكی باشتر كردنی دۆخی ئابوری و ژیاری.
بەپێی ڕای شارەزایانی ئابوری، هاتنی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لەم كاتەدا بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەیە لە ئەنجامی ئەو سزایانە لە بازارەكانی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیانی توشی گرفت نەبن لە ئەگەری زیاتر رێگری كردن لەم ماددە خۆراكی و پیشەسازیانەی كە رۆژانە دێتە ناو هەرێم، ئەمریكا مەبەستیەتی هاوكاری هەرێم بێت بۆ ئەوەی سزاكانی سەر ئێران كاریگەریی لەسەر دروست نەكات و سەقامگیری بازاڕی هەرێمی كوردستان بپارێزێت، چونكە قورستر كردنی سزاكانی سەر ئێران كاریگەری لەسەر هەرێم دەبێت، كردنەوەی گەورەترین كونسوڵخانەی وڵاتەكەشی لەسەرئاستی جیهان لەشاری هەولێر سەلمێنەری ئەو راستیەیە.