رێککه‌وتی 10/9/2011، له‌میانه‌ی پێشوازیلێکردنیان له‌لایه‌ن به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر له‌باره‌گه‌ی ژوور، به‌ڕێز پیڤێن سه‌ره‌یی به‌ڕێوه‌به‌ری کارگێڕی کۆمپانیای (ئوکروزێمورس)ی ئۆکرانی بانگهێشتننامهیهکی وڵاته‌که‌ی به‌مه‌به‌ستی به‌شداریکردنی شاندێکی کوردستان له‌کۆنگره‌ی ئابووری کیفدا ئاڕاسته‌ی به‌ڕێزیان کرد. له‌سه‌ره‌تای چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژوور به‌گه‌رمی به‌خێرهێنانی شاندی میوانی کرد و هیوای مانه‌وه‌یه‌کی باشی بۆ خواستن له‌هه‌ولێری پایته‌ختدا. پاشان ئاماژه‌ی پێدا و وتی:"وڵاتی ئۆکرانیا به‌لای خه‌ڵکی کوردستانه‌وه گرنگه و پێمان خۆشه ئۆکرانییه‌کان به‌شداری له‌ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا بکه‌ن." لای خۆیه‌وه، به‌ڕێز پیڤێن سه‌ره‌یی که به‌یاوه‌ری شاندێک سه‌ردانی ژووری کرد، وێڕای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاری خۆی و ئه‌ندامانی شاندی یاوه‌ری له‌به‌رامبه‌ر پێشوازیلێکردنیاندا، سڵاوی به‌ڕێز باڵیۆزی ئۆکرانیای له‌به‌غدا به به‌ڕێز سه‌رۆکی ژوور گه‌یاند، هه‌روه‌ها بانگهێشتننامهیهکی فه‌رمی ژووری بازرگانی ئۆکرانیای ئاڕاسته‌ی سه‌رۆک و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر کرد به‌مه‌به‌ستی سه‌ردانیکردنی وڵاتی ئۆکرانیا و به‌شداریکردنیان له‌کۆنگره‌یه‌کی گه‌وره‌ی بازرگانیدا که بڕیاره له‌کۆتایی مانگی داهاتوودا له (کیف)ی پایته‌ختدا ببه‌سترێت. هه‌روه‌ها به‌ڕێز سه‌ره‌یی راشیگه‌یاند، که حکومه‌تی وڵاته‌که‌ی بڕیاری داوه که به‌م نزیکانه کۆنسوڵخانه‌ی خۆی له‌هه‌ولێری پایته‌ختدا بکاته‌وه. لای خۆیه‌وه، به‌ڕێز خه‌یات پێشوازی له‌وته‌کانی به‌ڕێز سه‌ره‌یی کرد و ئاماده‌یی ژووریشی به‌مه‌به‌ستی سه‌رخستنی ئامانجانه‌کان خسته روو.