رێککه‌وتی 10/9/2012، لیژنه‌ی ئاڕاسته‌کردنی پارێزگه‌ی هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌به‌رنامه‌ی پێشخستنی که‌رتی تایبه‌ت له‌عێراق له‌لایه‌ن رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، 29مین کۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌باره‌گه‌ی ژوور، سازکرد. له‌مباره‌یه‌وه، به‌ڕێز فیدائه‌دین محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر که‌به‌نوێنه‌رایه‌تی ژوور ئه‌ندامه له‌و لیژنه‌یه‌دا، پێی راگه‌یاندین:"کۆبوونه‌وه‌که به‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێز تاهر عه‌بدوڵا جێگری پارێزگاری هه‌ولێر و به‌به‌شداری نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م لایه‌نه حکومی و رێکخراوه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان که په‌یوه‌ندارن به کاروباره‌کانی که‌رتی تایبه‌ت به‌ڕێوه‌چوو". روونیکرده‌وه و وتی:"له‌کۆبوونه‌که‌دا به‌دواداچوون بۆ بڕیاره‌کانی پێشوو کرا، هه‌روه‌ها به‌تێروته‌سه‌لی باس له‌په‌ره‌پێدانی تواناسازی ئافره‌تان له‌بواری کار و پێدانی قه‌رز به‌که‌سانی خاوه‌ن پڕۆژهبچووک و مامناوه‌ندییه‌کان کرا، هاوکات پێداویستییه‌کانی ژێرخانی ئابووری کوردستان خرایه به‌رباس و لێکۆڵینه‌وه و کورته‌یه‌کیش له‌بواره‌کانی یه‌که‌ی په‌ره‌پێدانی ئابووری و مۆرکردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌کانی قهرزبهخشدا خرایه‌روو." له‌لایه‌کی دیکه‌وه، به‌ڕێز فیدائه‌دین محه‌مه‌د ئه‌مین راشیگه‌یاند، که له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا تاوتوێی بابه‌تی دروستکردنی مۆزه‌خانه‌یه‌کی ته‌ون (نه‌سیج) کرا.