ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

شاندێكی بازرگانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەلی كار سەردانی هەولێر دەكات

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ یەک شەممە, 13 کانونی دووەم 2013 07:37

رۆژی سێشەممە 8/1/2013 بە یاوەری ئاغای حوسەینی سەركونسولی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێرو جەمشید زادە بەرپرسی پاشكۆی ئابووری كونسولخانە بە سەرۆكایەتی (  محەمەد سەمەدی   ) شاندێكی بازرگانی خوراسانی باكووری كۆماری ئیسلامی ئێران كە پێك هاتبوو لە ژمارەیەك خاوەن كۆمپانیاو كارگەی پیشەسازی  سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریان كرد و لە لایەن دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور و ژمارەیەك لە ئەندامانی دەستەی كارگێری ژوور پێشوازیان لێكرا .

 

سەرۆكی شاندەكە ئامانجی هاتنەكەیانی  لە دەستپێكردنی كاری بازرگانی و وە بەرهێنان لە كوردستان چڕ كردەوە ، دواتر ئەندامانی شاندی میوان وێرای خۆ ناساندن  ، پێگەو كاری كۆمپانیاكانیان روون كردەوە كە لەبواری بازرگانی و ئەندازیاری و بەرهەمهێنانی كەلو پەلی ناومال شارەزان و دەیانەوێ‌ لە  كوردستان دا كاری بازرگانی و وەبەرهێنان بكەن بۆیە بە مەبەستی دۆزینەوەی هەلی كارو كۆ كردنەوەی زانیاری لە سەر میكانیزمی سەرمایەگوزاری و كاركردن لە هەرێمی كوردستان ئەم سەردانەیان ئەنجاداوە .

 

سەرۆكی ژووری بازرگانی هەولێر لە وتەیەكدا وێرای بە خێرهێنانی شاندی میوان باسی لە پەیوەندی لەمێژینەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران كردو ئاماژەی بە ئاستی ئەو پەیوەندیانە كرد كەبە رادەیەكی باش بەرەو پیشچوونی بەخۆیەوە بینیوە ، جەختیشی لە ئامادەیی هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ بەرەو پێشبردنی زیاتری پەیوەنیەكنیان لە گەل ئێرانی دراوسێیدا ، ئاماژەی بە چەندین دەرفەتی كاری كشتوكال و كارگەی بەرهەمهێن كرد كە دەكرێت كۆمپانیا ئێرانیەكان سەرمایەگوزاری تێدا بكەن ، میكانیزمی دەسپێكردن و ئەنجامدانی كارە فەرمیەكانی دەزگا حكومیەكانی بۆیان شی كردەوە .

 

لە كۆتایی سەردانەكەدا سەرۆكی شاندی میوان خۆشحالی خۆیانی بە سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان دەربری ، ستایشی رۆلی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێری كرد بۆ هاوكاری كردنیان لە پێدانی زانیاری و روون كردنەوەی هەلی سەمایەگوزاری كردن لە هەرێمی كوردستان دا .

ئه‌م بابه‌ته‌ 1305 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ یەک شەممە, 13 کانونی دووەم 2013 10:22