رێککه‌وتی 9/9/2013، به‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێز نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر و به‌رپرسانی باڵای حکومی و که‌رتی تایبه‌تی هه‌ردوولا، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی فراوان له‌نێوان ژماره‌یه‌ک له‌بازرگان و خاوه‌ن کۆمپانیا کوردستانی و بولگارییه‌کان له‌سه‌نته‌ری رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی ژووری بازرگانی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.
به‌و بۆنه‌یه‌وه، له‌وته‌یه‌كى‌دا به‌ڕێز نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر، وتی:"هاتنی شانده بازرگانییه‌کانی وڵاتان بۆ هه‌رێمی کوردستان جێی بایه‌خی حکومه‌تی هه‌رێمه، چونکه ستراتیژی حکومه‌ت پاڵپشتیکردن و هاندانی که‌رتی تایبه‌ته له‌هه‌موو که‌رته‌کاندا، به‌تایبه‌تی له‌دروستکردنی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌کان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا."
هه‌روه‌ها وتی:"بولگاریا وه‌ک وڵاتێکی ئه‌وروپی ئه‌زمونێکی باشیان هه‌یه، که رۆڵ ببینێت له دووباره ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی عێراق و کوردستاندا، به‌تایبه‌ت له‌وه‌به‌رهێنان له‌بواره جۆراجۆره‌کانی وه‌ک کشتوکاڵ و گه‌شتیاری و ته‌ندروستی‌دا، به‌شێوه‌یه‌ک سوود وقازانجی بۆ هه‌موو لایه‌ک هه‌بێت."
وتیشی:"بازرگانانی کوردستان رۆڵی گرنگ بۆ هه‌موو عێراق و هه‌رێمیش ده‌بینن له‌دروستکردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بولگاریادا که له‌کۆتاییدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ته‌واو ده‌بێت، بۆیه حکومه‌تی هه‌رێم پاڵپشتی له‌هه‌وڵه‌کانی له‌م جۆره ده‌کات."
دواتر به‌ڕێز خاتوو ئانا یانیڤا جێگری وه‌زیری ئابووری و ووزه و گه‌شتوگوزاری بولگاریا وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد و تێدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که بینینی هه‌ولێر وه‌ک یه‌کێک له‌شاره هه‌ره کۆنه‌کانی دونیا خۆشحاڵی کردوون.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، که له‌پاش سه‌ردانه‌که‌یان بۆ هه‌ولێر، به‌مه‌به‌ستی پته‌وکردنی په‌یوه‌ندییه‌کان سه‌ردانی هه‌ردوو شاری سلێمانی و دهۆک ده‌که‌ن.
راشیگه‌یاند و وتی:"ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆمان زۆر گرنگه، چونکه ئێمه باشترین کۆمپانیاکانی وڵاته‌که‌مان له‌گه‌ڵ خۆماندا بۆ کوردستان هێناوه، بۆیه دڵنیاین که سه‌ردانه‌که‌مان ئه‌نجامی باشی لێده‌که‌وێته‌وه."
دواتر، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی یه‌کێتی ژووره بازرگانییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، له‌وته‌یه‌کیدا، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان، رایگه‌یاند که وه‌ک ژووری بازرگانی ئاماده‌ن له‌داهاتوودا به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌کانی نێوان هه‌ردوولا سه‌ردانی وڵاتی بولگاریا بکه‌ن، تاکو له‌وێ داوه‌تی کۆمپانیا بولگارییه‌کان بکه‌ن که له‌ئاینده‌دا بێنه کوردستان و ده‌ست به‌کاری سه‌رمایه‌گوزاری خۆیان بکه‌ن به‌تایبه‌تی له‌بواره‌کانی گه‌شتیاری و کشتوکاڵی و خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌کاندا، هه‌روه‌ها به‌شداری له‌و پێشانگه‌یاند‌ا بکه‌ن که ناوه ناوه له هه‌رێمی کوردستاندا ده‌کرێنه‌وه.
به‌ڕێزیان روونیکرده‌وه و باسی له‌وه‌کرد، که سنووری جوگرافی بولگاریا له‌کوردستان نزیکه، بۆیه ده‌کرێت له‌رێی وشکانییه‌وه جوڵه‌ی بازرگانی له‌نێوان هه‌ردوولادا ده‌ست پێ بکات.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه، یانچۆ یانیڤ سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی خاسکۆڤۆ له‌وته‌یه‌کیدا، وێڕای دووپاتکردنه‌وه‌یان پاڵپشتی له‌قسه‌کانی به‌ڕێز خه‌یات کرد و، وتی:"ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه کۆمپانیا بولگارییه‌کان کاری باشیان له کوردستاندا ئه‌نجام داوه، له‌وانیش دروستکردنی به‌ندواێکه له‌سنووری پارێزگه‌ی دهۆک.
هیواشی خواست که شاندێکی ژووری بازرگانی هه‌ولێر سه‌ردانی وڵاته‌که‌ی بکات له‌داهاتوودا، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، که ئه‌و کۆمپانیایانه‌ی که‌یاوه‌ریانن بۆ کوردستان، به بڕی سه‌دان ملیۆن دۆلار پڕۆژه‌ی سه‌رمایه‌گوزاریان له‌وڵاتانی ئه‌وروپادا هه‌یه.
له‌دوای پێشکه‌شکردنی وتاره‌کانیش، خه‌ڵاتی رێزلێنان له‌لایه‌ن سه‌رۆکی شاندی بولگاریا پێشکه‌ش به به‌ڕێز پارێزگاری هه‌ولێر و له‌لایه‌ن به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگان‌یش پێشکه‌ش به‌به‌ڕێز خاتوو ئانا یانیڤا جێگری وه‌زیری ئابووری و ووزه و گه‌شتوگوزاری بولگاریا کران.
جێی ئاماژه‌یه، له‌کۆبوونه‌وه‌که هه‌ریه‌ک له‌به‌ڕێزان سه‌رۆ دزه‌یی سه‌رۆکی لقی هه‌ولێری یه‌کێتی به‌ڵێنده‌رانی کوردستان و، ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژووری بازرگانی هه‌ولێر و، ژماره‌یه‌ک له‌به‌رپرسانی کارگێڕی حکومی بولگاریا و، ژماره‌یه‌ک له‌بازرگان و خاوه‌ن کۆمپانیا لۆکا‌ڵی و بولگارییه‌کان و، میدیاکارانی عێراق و کوردستان ئاماده‌بوون.
شانده بازرگانییه‌که‌ی بولگاریاش که له‌نزیکه‌ی 20 که‌س پێکهاتبوو، ژماره‌یه‌ک نوێنه‌ری کۆمپانیای به‌ناوبانگی تێدا بوو، که له‌بواری که‌لوپه‌کانی خۆراک و وزه و کشتوکاڵ و چه‌ند بوارێکی دیکه‌دا کار ده‌که‌ن.