ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

شاندێكی بازرگانی هەولێر سەردانی ئەڵمانیا و نەمسایان كرد

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ چوار شەممە, 28 ئایار 2014 08:45
بە ئامادەبوونی حوسێن مەحمود خەتیب سەفیری عێراق لە ئەڵمانیا و عاشور كەربولی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هاشم محەمەد بەڕێوبەری گشتی پەیوەندییە ئابوورییەكانی دەرەوە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق وە هەریەك لە سۆران ئەبوبەكر جێگری دووەمی سەرۆكی ژوور و ماجد جەلال ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور وەكو نوێنەری ژوور و بازرگانانی هەولێر، وە نوێنەری ژووری بازرگانی نۆرنبێرگ و ژمارەیەك لە كۆمپانیای ئەڵمانی و عێراقی چوارەمین كۆڕبەندی كاری عێراقی بۆ هەلی وەبەرهێنان لە عێراق بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی عەرەبی و ئەوروپی و ناوین بۆ پەرەپێدان و هاوكاری ژووری بازرگانی نۆرنبێرگ لە 19-20ی ئایار لە بارەگای ژووری بازرگانی و پیشەسازی نۆرنبێرگ لە ووڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
لەو كۆڕبەندەدا باس لە چۆنیەتی دەستخستنی هەلی وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیا ئەڵمانیەكان  لە عێراق و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان عێراق و ئەڵمانیا كرا و پاشان باس لە دوایین پەرەسەندنەكانی ئابووری عێراق كرا.
وە پاشان لە دنیشتنێك دا نوێنەرانی ژوور داوایان لە كۆمپانیا ئەڵمانیەكان و ژووری بازرگانی نۆرنبێرگ كرد سەردانی هەرێم  بكەن و پەیوەندییەكان زیاتر پەرەی پێبدرێت و كۆمپانیا ئەڵمانیەكانیش بتوانن لقی خۆیاان بكەنەوە و بەشداربن لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان.
لە لایەن خۆشیانەوە ژووری بازرگانی نۆرنبێرگ خۆشحاڵی خۆی بەم داوەتە دەربڕی و رایانگەیاند كە لە ماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ شاندێكی بازرگانی و كۆمپانیای ئەڵمانی سەردانی هەولێر دەكەن.
هەر لە درێژەی سەردانەكەیاندا رۆژی 22ی ئایار بە ئامادەبوونی عەدنان قەسار سەرۆكی پێشوتری یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی ووڵاتە عەرەبیەكان و جێگری پارێزگاری ڤیەننا و نوێنەرانی ژوور بەشداربوون لە ساڵوەگەری 25 ساڵەی ژووری بازرگانی عەرەبی – نەمساوی لە شاری ڤیەننا لە پایتەخی ووڵاتی نەمسا.
لەم سەردانەیاندا نوێنەرانی ژوور چەند دانیشتنێكیان ئەنجامدا لەگەڵ بازرگانان و كۆمپانیا نەمساوییەكان بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و وەبەرهێنان ئەنجام بدەن و لقی كۆمپانیاكانیان بكەنەوە و بەشداربن لە ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان.
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 912 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ پێنج شەممە, 29 ئایار 2014 09:34