ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

کۆڕبەندی ئابووری تونسی – كوردستانی لە هەولێر

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ پێنج شەممە, 29 ئایار 2014 09:34

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بەهاوكاری باڵیۆخانەی تونس لە عێراق و، بەهەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی پەرەپێدانی هەناردەی تونسی، رۆژی ٢ی حوزەیران کۆڕبەندی ئابووری تونسی – كوردستانی لە هەولێر ساز دەكات. لە کۆڕبەندەکەدا دیداری روبەڕوو لەنێوان گەورە کۆمپانیاکانی تونس و کوردستان لەسەرجەم کەرتەکاندا بەڕێوەدەچێت.

لەمبارەیەوە دارا جەلیل خەیات سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:

سازدانی کۆڕبەندەکە هاوکاتە لەگەڵ کردنەوەی هێڵی ئاسمانی تونس – هەولێر، کە رۆژی ١ی حوزەیران شاندێکی گەورەی ئابووری تونس لەڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولیرەوە دەگەنە پایتەختی هەریمی کوردستان، ئەم هێڵە زێدەباری هێڵەکانی ترە بۆ بەستنی کوردستان بە ئەفریقاو ئەوروپا، لەبەر نزیکی تونس لێیانەوە.

وتیشی: یەکەمجارە شاندێکی گەورەی ئابووری تونسی سەردانی کوردستان دەکات، هیوادارم لە کۆڕبەندەکەدا خاوەنکارانی کوردستان پەیوەندی دۆستایەتی و کاریان لەگەڵ ببەستن، تاکو بۆ خۆیان و کوردستان بە سوود بکەوێتەوە.

دارا جەلیل خەیات ئاماژەی بەوەشدا، ئەم پێشکەوتنانە لە پەیوەندی ئابووری نێوان تونس و کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردانەی کە ساڵی رابردوو ئێمە وەك شاندێكی بازرگانی بۆ ئەو وڵاتە ئەنجاممانداو لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووینەوەو رەنگڕێژی ئەم پەیوەندییەمان کرد.

سەبارەت بە گرنگی تونس بۆ ئابووری کوردستان، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر وتی: تونس وڵاتێکی کشتوکاڵی و پیشەسازی و گەشتیارییە و کارگەی جۆراوجۆری باشی هەیە، رێککەوتنی تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا هەیە.

ئه‌م بابه‌ته‌ 877 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌