رۆژى دووشەممە بەروارى 18/1/2010 سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانى ئەنجوومەنى کارگێرى ژوور لە بارەگاى ژوور پێشوازیان کرد لە خاتوو (برۆنسیلاڤا) بالیۆزى چیک لە عێراق و (غازى خەیلانى) قونسولى فەخرى چیک لە هەولێر. لە دیدارێکدا هەردوولا تەئکیدیان لەسەر ئەوە کردەوە کە کار بکەن بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندیە ئابوورى و بازرگانیەکانى نێوان ولاتى چیک و کوردستان و درێژە بەو پرۆگرامە بدەن کە پێشتر بالیۆزخانەى چیک کارى لەسەر دەکرد وەک ئاسانکارى بۆ وەرگرتنى ڤیزا بۆ بازرگانانى کوردستان. بالیۆزى چیک ئاماژەى بەوەکرد کە ولاتى چیک چەندین پرۆژەى ئابوورى لە هەرێمى کوردستان ئەنجامداوە، بەلام دەیانەوێت بە چرى و بۆ ماوەى درێژ کۆمپانیاکانیان بێننە کوردستان بۆ کارى بازرگانى و وەبەرهێنان بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژەى بەوە کرد کە بۆ پێشانگاى نێودەولەتى هەولێر هەولى خۆیان دەخەنە گەر بۆ ئەوەى زۆرترین کۆمپانیاى چیکى بێننە کوردستان بۆ بەشداریکردن لەو پێشانگایە.