لە رۆژی 1\12\2013شاندێكی بازرگانی لە شاری قهرمان مرعشی توركیا بە سەرۆكایەتی فەهمی ئەركان سەرۆكی ژووری پیشەسازی ئەو شارە و لەگەڵ 30 كۆمپانیای بواری جیا جیای هەمان شار, سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریان كرد و لە لایەن سۆران ئەبوبەكر جێگری سەرۆكی ژوور پێشوازییان لێكرا.
سەرەتا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو پێشوازی یەو سەرسامی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو هەموو پێشكەوتنانەی هەرێم و بەتایبەتی شاری هەولێر كە بەخۆیەوە بینیوە, پاشان سەرۆكی شاندی میوان ئامانجی هاتنیان بۆ كوردستان روون كردەوە, كە ئەوان وەكو نوێنەری 30 كۆمپانیای ئەو شارە هاتوون بە مەبەستی كاركردن و وەبەرهێنان لە بواری جیا جیادا .
دواتر سۆران ئەبوبەكر زۆر بەخێرهاتنی كردن و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا بیانیەكان بەتایبەتی كۆمپانیا توركیەكان دێنە هەرێم و وەبەرهێنان دەكەن ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر پێشكەوتنی هەرێم لە بوارە جیا جیاكان و ئارامی و سەقامگیری هەرێمیش فاكتەرە سەرەكیەكەیە بۆ راكێشانی كۆمپانیا بیانیەكان هیواشی خواست ئەوان لای خۆیانەوە هاوكاربن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هەرێم.
پاشان یاسای وەبەرهێنانی بۆ روون كردنەوە و ئامادەكاری و پاڵپشتی خۆیی و ژووریشی بۆیان دەربڕی.