دوای ئەوەی فیرۆز زارعی بەرپرسی بەشی بازرگانی لە كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر هەفتەی رابردوو سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێری كرد لە لایەن سەرۆكی ژوور و ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور پێشوازییان لێكرا، وە بەشێوەیەكی فەرمی رایگەیاند كە رۆژی 18/7/2016 شاندێكی بازرگانی شاری هەمەدانی ئێران سەردانی ژوور دەكەن.
بۆ ئەم مەبەستە دوێنی شاندێكی بازرگانی شاری هەمەدان كە پێكهاتبوون لە 5 كۆمپانیا و پیاوی خاوەن كار لە سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و خۆراك بە سەرۆكایەتی سەرۆكی كۆمەڵەی هەماهەنگی بازرگانی هەمەدان سەردانی ژووریان كرد و لە لایەن ماجد جەلال ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور و بەشێك لە ئەندامان پێشوازییان لێكرا.
لە كۆبوونەوەیەك دا كە فیرۆز زراعی بەرپرسی بەشی بازرگانی لە كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێرو بەشێك لە خاوەن كۆمپانیا و بازرگانانی خۆماڵی لە هەمان بوار ئامادەی بوون باس لە ئاڵوگۆڕە بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران بە گشتی و شاری هەمەدان بە تایبەت و چۆنیەتی پتەوكردنی كرا.
دوای ئەوەی خاوەن كارانی میوان خۆیان و پیشەكەیان ناساند بە هەمان شێوەش بۆ بازرگانانی خۆماڵی سەرۆكی شاند وتی: بەهۆی نزیكی هەردوو لایەن لە یەكتری لە زۆر بواردا ئێمە هەمیشە هەوڵی پتەوكردن و باشتر كردنی پەیوەندییەكانمان داوە لەگشت بوارەكان بە تایبەت ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
وتیشی شاری هەمەدان لە رووی كشتوكاڵ و پیشەسازی یەكێكە لە شارە پێشكەوتووەكانی ئێران، زیاتر لە 1900 كارگەی كارا هەیە لەم شارە و نزیكەی 900 بەرهەمی جۆراو جۆر هەناردە دەكەن، ساڵانە 850 ملیۆن دۆلار داهاتەكەیەتی، لە هەمان كات دا %20 بەرهەكانی وڵاتی ئێران لەم شارەوە بەرهەم دەهێنرێت.
سەرۆكی شاندی میوان خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەوەی كە هاتوون بۆ ژووری بازرگانی هەولێر و لەگەڵ شاندی بازرگانی و خاوەن كارانی هەرێم گرێبەستی هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیاكانیان واژوو بكەن.
دوای ئەوەش ئەوەی فیرۆز زارعی بەرپرسی بەشی بازرگانی لە كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر ئامادەیی كونسوڵخانەی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتیەك و بەردەوامی و ئامادەیی خۆیان نیشاندا لە بانگێشتكردنی كۆمپانیا و خاوەن كارانی ئێران بۆ هەرێم و پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكان.
لە لایەن خۆیەوە ماجد جەلال ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە نیشاندا وە لە هەمان كات دا رۆڵی كۆمپانیا و خاوەن كارانی ئێرانی لە پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانەیەكانی نێوان هەردوولا بەرز نرخاند.
ئەوەشی خستە روو ئەوان وەكو ژووری بازرگانی هەولێر ئامادەن لە هەموو كات دا پێشوازی لە شاندی بازرگانان و خاوەن كارانی ئێران بكەن و لەگەڵ بازرگانانی هەرێم كۆبوونەوە و دیداریان بۆ رێك بخەن و هاوكاریان بن لە پێشخستنی كاروبارەكانیان.
دوای كۆبوونەوەكەش شاندی بازرگانانی هەردوولا بەشێوەی B2B دانیشتن.