رێککه‌وتی 17/9/2012، له‌میانه‌ی کۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا له‌باره‌گه‌ی ژوور، به‌ڕێزان دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر و حورمه‌ت فارخی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان له‌کۆماری ئیسلامی ئێران کهبهیاوهری شاندێک سه‌ردانی ژووری کرد، بابه‌تی سازکردنی کۆنفڕانسێکی گه‌وره‌ی بازرگانی (کوردستان – ئێرانی)یان له‌هه‌ولێری پایته‌خت تاوتوێ کرد. له‌سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا، که تێدا به‌ڕێز ئیبراهیم محه‌مه‌د کانه‌بی جێگری سه‌رۆکی ژوور ئاماده‌یبوو، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژوور وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان تیشکی خسته سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و وڵاتی ئێران و وتی:"ئێستا کاری بازرگانی له‌نێوان هه‌ردوولادا گه‌یشتۆته ئاستێکی باش، به‌ڵام ده‌کرێت هه‌ردوولا چه‌ند رێوشوێنێکی گونجاو بگرنه به‌ر تاکو قه‌باره‌ی بازرگانی و کاری وه‌به‌رهێنان روو له‌زیادبوون بکات." وتیشی:"پێویسته کاڵا ئێرانییه‌کان له‌ئاستێکی به‌رزتر بێ و بخرێته نێو تهکهنۆلۆجیای تازه‌وه، تاکو شانبه‌شانی کاڵاکانی وڵاتانی دیکه له‌بازاڕه‌کانی کوردستاندا، وڵامده‌ره‌وه‌ی داخوازییه‌کانی هاووڵاتییانی هه‌رێم بێت و کاریش بۆ پیشه‌سازی هاوبه‌ش بکرێت." لای خۆیه‌وه، به‌ڕێز فارخی وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆی و ئه‌ندامانی شاندی یاوه‌ری به‌هاتنیان بۆ کوردستان، ئامانجی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ژوور راگه‌یاند و وتی:"حکومه‌تی ئێران به‌گرنگییه‌وه ده‌ڕوانێته هه‌رێمی کوردستان، بۆیه ئێستا خوازیاره که‌قه‌باره‌ی کاره ئابورییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌رێمه‌دا په‌ره‌پێبدات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌نیازه کۆنفڕانسێکی گه‌وره‌ی ئابووری له‌هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌رانی ئه‌م هه‌رێمه‌دا ساز بکات." به‌گشتی هه‌ردوولا باسیان له‌و هۆکار و کێشه و له‌مپه‌رانه کرد که رێگرن لهپێشووهچوونی پڕۆسه‌ی بازرگانی هاوبه‌ش و دوورکه‌وتنه‌وه‌ی به‌شێکی بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌رانی ئێرانی له‌بازاڕی کار له‌کوردستاندا. له‌میانه‌ی گفتوگۆکانیاندا و پاش تاوتوێکردنی زانیارییه‌کان و چۆنێتی ده‌ستپێکردن بهئامادهباشییهکان، هه‌ردوولا رێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که له‌مانگی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵدا کۆنفڕانسه‌که به‌به‌شداری سه‌دان به‌رپرس و بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌ری هه‌ردوولا ساز بکرێت. له‌کۆتایی دیداره‌که‌شدا، به‌ڕێز خه‌یات ئه‌وپه‌ڕی ئاماده‌یی ژووری به‌مه‌به‌ستی رێکخستنی کۆنفڕانسه‌که و پێشوازیلێکردنی له‌هه‌ر شاندێکی ئێرانی که بێته کوردستان ده‌ربڕی.