رێککه‌وتی 17/9/2012، له‌میانه‌ی کۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا له‌باره‌گه‌ی ژوور، به‌ڕێزان دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر و مونیر ئه‌لموئه‌خیر سه‌رۆکی ژووری بازرگانی تونس که به‌یاوه‌ری شاندێک سه‌ردانی ژووری کرد، بابه‌تی چوونی شاندێکی بازرگانی کورستانیان بۆ تونس تاوتوێ کرد. له‌سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا، که تێدا به‌ڕێز سۆران ئه‌بوبه‌کر جێگری سه‌رۆکی ژوور ئاماده‌یبو، به‌ڕێز دارا جه‌لیل خه‌یات سه‌رۆکی ژوور وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان تیشکی خسته سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و وڵاتی تونس به‌گشتی له‌هه‌موو رووه‌کانه‌وه و به‌تایبه‌ت له‌ماوه‌کانی دواییدا و وتی:"ده‌رفه‌ته بۆ بازرگانانی کوردستان و تونس که ده‌ست به‌چالاکی بازرگانی له‌نێوان هه‌ردوولادا بکه‌ن." وتیشی:"تونس له‌بواری کشتوکاڵی و گه‌شتوگوزار و ده‌رمانسازی‌دا پێشکه‌تووه و ده‌کرێت له‌م رووه‌وه سوود به‌هه‌رێم بگه‌یه‌نێت." هه‌روه‌ها به‌ڕێز خه‌یات ره‌وشی ئارامی هه‌رێم و ئه‌و رۆڵه ئابوورییه‌ش که هه‌رێم له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا ده‌یگێڕیت بۆ لایه‌نی به‌رامبه‌ری روونکرده‌وه. لای خۆیه‌وه، به‌ڕێز مونیر ئه‌لموئه‌خیر خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به هاتنیان بۆ هه‌ولێری پایته‌خت و رایگه‌یاند که له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌دا ده‌کرێت به‌رنامه‌رێژی بۆ چوونی شاندێکی بازرگانی کوردستان بۆ تونس بکرێت. له‌سه‌روبه‌ندی گفتوگۆکانیاندا، به‌ڕێزان سه‌رۆکی ژوور و شاندی میوان رێککه‌وتن له‌سه‌ر ده‌ستکردن به‌ئاماده‌کارییه‌کان بۆ چوونی شانده بازرگانییه‌که‌ی کوردستان له‌مانگه‌کانی کۆتایی ئه‌مساڵدا، تاکو له‌وێ له‌گه‌ڵ هاوتا‌کانیان‌دا ئاشنایه‌تی بکه‌ن و زانیاریش له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان بۆ لایه‌نی تونسی بخه‌نه‌روو. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، به‌ڕێز خه‌یات ئه‌وپه‌ڕی ئاماده‌یی ژووری به‌مه‌به‌ستی رێکخستنی گه‌شته‌که‌ی شاندی کوردستان بۆ تونس و پێشوازیلێکردنی له‌هه‌ر شاندێکی تونسی که بێته کوردستان ده‌ربڕی. له‌کۆتایی دیداره‌که‌شدا، به‌ڕێز خه‌یات دیاری رێزلێنانی ژووری به‌خشییه ئه‌ندامانی شاندی میوان.