رێککه‌وتی 9-10/10/2012، به‌چاودێری پارێزگای هه‌ولێر و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی وپێشه‌سازی هه‌ولێر و رێکخراوی (ILO) و (UNOPS)، وۆرک‌شۆپێک سه‌باره‌ت به‌ره‌وشی گشتی ئابووری له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له‌هۆڵی کۆبوونه‌وه‌کانی ژوور ساز کرا. له‌وۆرک‌شۆپه‌که‌دا، به‌ڕێزان تاهر عه‌بدوڵا جێگری پارێزگاری هه‌ولێر و فیدائه‌دین محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر و سه‌رجه‌م قائیممه‌قام و نوێنه‌ری ژماره‌یه‌ک له‌ده‌زگه په‌یوه‌نداره‌کانی هه‌ردوو که‌رتی گشتی و تایبه‌تی و ژماره‌یه‌ک له‌رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێر، به‌شداربوون. وۆرکشۆپه‌که به‌چاودێری پارێزگای هه‌ولێر و له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی که‌رتی تایبه‌تی و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رێکخراوی کاری نێوده‌وڵه‌تی (ILO) و ئۆفێسی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ خزمه‌تگوزاری پڕۆژه‌کان (UNOPS) له‌ژێر ناونیشانی (کۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌ش بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌وردبینیکردنی ده‌رئه‌نجامه‌کانی راپۆرتی د‌یاریکردنی ئابووری ناوچه‌یی له‌پارێزگای هه‌ولێر) به‌ڕێوه‌چوو. له‌رۆژی یه‌که‌می وۆرکشۆپه‌که‌دا، به‌ڕێز تاهر عه‌بدوڵا وتاری پارێزگای هه‌ولێری پێشکه‌ش کرد و تێدا وێڕای به‌گه‌رمی به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان، ده‌ستخۆشی له‌رێکخه‌رانی وۆرکشۆپه‌که کرد، که کارێکی گرنگیان بۆ پێشخستنی که‌رتی ئابووری له‌کوردستان به‌گشتی و هه‌ولێر به‌تایبه‌تی ئه‌نجامداوه. پاشان به‌ڕێز دکتۆر محه‌مه‌د ئال‌یاسین پسپۆر له‌وه‌زاره‌تی پلاندانانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و شاره‌زا له‌بواری پلاندانانی ستراتیژی، بابه‌ته‌کانی وۆرکشۆپه‌که‌ی خسته روو که‌پڕۆژه‌یه‌کی ئاماده‌کراوه‌ی تێروته‌سه‌لی له‌خۆگرتبوو، ئه‌ویش بریتییه له‌داڕشتنی جاڕنامه‌ی ستراتیژی بۆ بووژاندنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی ئابووری له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێردا. پڕۆژه‌که‌ش له‌لایه‌ن تیمێکی پسۆری ئاماده‌کار ماوه‌ی نزیکه‌ی دوو ساڵه کاری تێدا کراوه و، له‌چه‌ند هه‌نگاوێكی سه‌ره‌کیدا شیکردنه‌وه‌ی بابه‌تییانه‌یان ئه‌نجام داوه، که‌ئه‌وانیش (د‌یاریکردنی ئامانجی سه‌ره‌کی جاڕنامه، ئاماده‌کردنی لیستی که‌رته‌کانی ئابووری له‌قه‌زاکان، هه‌ڵبژاردنی کۆمه‌ڵێک له‌که‌رته‌کانی ئابووری، ده‌ستنیشانکردنی لایه‌نه‌په‌یوه‌ندار و هاوبه‌شه‌کانی تایبه‌ت به‌گه‌شه‌ی ئابووری، شیکردنه‌وه‌ی ئاسته‌نگ و کۆسپه‌کانی به‌رده‌م گه‌شه‌ی ئابووری، د‌یاریکردنی نییه‌ت و به‌ده‌ستهاتووه‌کانی جاڕنامه‌که)ن. هه‌روه‌ک له‌و جاڕنامایه‌دا ئه‌و بنه‌مایانه‌ش دیاریکراون که ده‌بنه هۆی گه‌شه‌ی ئابووری له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێردا، هاوکات له‌میانه‌ی وۆرکشۆپه‌که‌دا ئامارێكی گشتی خرایه‌روو که به‌وردی باس له(رێژه‌ی‌دانیشتوان، دانیشتوانی چالاک له‌ئابووری، داهاتی ساڵانه‌ی تاک، رێژه‌ی بێ‌کاری، رێژه‌ی هه‌ژاری، دابینکردنی پڕۆژه‌کان، ئاستی ژێرخانی ئابووری، رێژه‌ی گه‌شه‌ی بازاڕی ناوخۆیی، رێژه‌ی کێشانی وه‌به‌رهێنان، رێژه‌ی به‌شداریکردنی ئافره‌ت له‌چالاکی ئابووری و به‌رهه‌می تاک) ده‌کات. جێی ئاماژه‌یه، له‌گه‌ڵ پێشکه‌شکردنی کاکڵه‌ی وۆرکشۆپه‌که‌دا، ئاماده‌بووان به‌راوسه‌رنج و تێبینییه‌کانیان به‌شداریانکرد، ئه‌ویش به‌و ئاڕاسته‌یه‌ی خه‌رمانه‌ی پڕۆژه‌که ده‌وڵه‌مه‌ندتر ببێت. له‌رۆژی دووه‌می وۆرکشۆپه‌که‌شدا، به‌شدارابووان له‌لایه‌ن کۆرگێڕه‌وه دابه‌شکران به‌سه‌ر چوار گروپدا، که هه‌ریه‌که‌یان کێشه‌یه‌کی گرنگیان له‌یه‌کێک له‌بواره‌کانی (بازرگانی و خزمه‌تگوزارییه بازرگانییه‌کان، پیشه‌سازی، کشتوکاڵ، به‌ڵێنده‌رایه‌تی) تاوتوێ کرد و له‌میانه‌یدا هۆکاری ریشه‌یی و سه‌رچاوه‌گرتنی کێشه‌که و ده‌ره‌نجامه‌کانی کێشه‌که‌یان ده‌ستنیشان ده‌کرد، هه‌روه‌ها کاریگه‌ری کێشه‌که‌یان له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی په‌ره‌پێدانی ئابووری ده‌خسته روو. دواتریش به‌گشتی ئه‌ندامانی هه‌ر گروپێک لێکدانه‌وه‌یان بۆ ئه‌نجامی کۆبوونه‌وه‌کانی خۆیانیان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا بۆ گروپه‌کانی دیکه ئاشکرا کرد و وه‌ڵامی پرسیار و بۆچوونه‌کانی یه‌کتریان دایه‌وه.