ڕۆژى 9/12/2009 سۆران ئەبوبەکر عزیز جێگرى سەرۆکى ژوور بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە ئەندامانى ئەنجومەنى کارگێڕى ژوور پێشوازى لە شاندێکى کۆمپانیاى (لوف تانسا)ى ئەڵمانى کرد ، کە لە 9 کەس پێکهاتبوو لە کارە جۆراو جۆرەکانى کۆمپانیاى ناوبراو . لە دانیشتنێکدا جێگرى سەرۆکى ژوور دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان ، خۆشحاڵى خۆى بەو سەردانە دەربڕى شاندى میوان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە مەبەستیان لەو سەردانە پەیوەندى دروستکردنە لە گەڵ دەزگاکانى حکومەت و ژوورى بازرگانى هەولێر لەبەر ئەوەى نیازیان وایە لقێکى کۆمپانیاکەیان یان نوسینگەیەک بۆ کۆمپانیاکەیان بەم نزیکانە لە هەولێر بکەنەوە. بۆ ئەوەى لە بەرهارى داهاتوو دەست بە کارکردن بکەن لە بوارى گواستنەوەى کالا و بەرهەم بە ریًگاى ئاسمانى (کارگۆ) دەربارەى ئەنجامدانى ئەو کارەش پێویستیان بە شارەزایى و زانیارى دەبێت بۆیە چەندین پرسیاریان خستە روو دەربارەى رەوشى ئابوورى و بازرگانى لە هەرێمى و ئالیەتى کردنەوەى نوسینگە و یاساى کارکردن و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان، لە لایەن جێگرى سەرۆکى ژوور و ئەندامانى ئەنجوومەن وەلامیان درایەوە. پاشان جێگرى سەرۆکى ژوور ئامادەیى خۆى و ژوورى بازرگانى دەربرى بۆ پێشکەشکردنى هەموو جۆرە هاوکارى و ئاسانکاریەک بە کۆمپانیاى ناوبراو بۆ ئەوەى نوسینگەى خۆى لە هەولێر بکاتەوە و دەست بەکار بکات و لە کاتێکدا کە ئەو کۆمپانیایە لە ناو بازرگانان دا ناسراوە و خەلکى حەز دەکەن مامەلە لەگەل ئەو کۆمپانیایەدا بکەن و داواى کرد کە پەلە لەو کاریەیان دا بکەن و ببنە پێشەنگ لەو کارەیاندا.