رێککه‌وتی 20/9/2012، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی فراوان له‌نێوان به‌رپرسانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر و نوێنه‌رانی حکومی و ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی و ژماره‌یه‌ک له‌کۆمپانیاکانی پارێزگه‌ی گوڵستانی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا له‌باره‌گه‌ی ژوور به‌ڕێوه‌چوو. کۆبوونه‌وه‌که به‌ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان ئیبراهیم محه‌مه‌د سۆفی جێگری سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر و جه‌مشید زاده به‌رپرسی پاشکۆی ئابووری له‌کونسوڵخانه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران و غوڵامی ره‌زا جێگری پارێزگه و ده‌مخانی حه‌مید سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی گوڵستان و ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی هه‌ردوو ژوور و نوێنه‌ری ژماره‌یه‌ک له‌ده‌زگه‌ی ئابووری و کۆمپانیای ئێرانی له‌پارێزگای ناوبراو ئه‌نجامدرا. له‌سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا، به‌ڕێز ئیبراهیم سۆفی جێگری سه‌رۆکی ژوور به‌ناوی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژوور به‌خێرهێنانی شاندی میو‌انی کرد و وتی:"جێی خۆشحاڵییه رۆژ له‌دوای رۆژ په‌یوه‌ندی و چالاکییه ئابوورییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران گه‌شه‌سه‌ندن به‌خۆوه ده‌بینێت، بۆ نموونه قه‌باره‌ی بازرگانی له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ ئێران‌دا تا کۆتایی مانگی ئاب گه‌یشتۆته 4 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار، که ئه‌مه ژماره‌یه‌کی که‌م نییه، چاویشمان له‌زیادکردنی ئاستی ئه‌و قه‌باره‌یه‌یه بۆ چه‌ند هێنده‌ی خۆی." لای خۆیه‌وه، به‌ڕێز جێگری پارێزگه‌ی گوڵستان وێڕای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاری خۆی و ئه‌ندامانی شاندی یاوه‌ری، وتی:"به‌هۆی سنووری جوگرافیاوه بووینه درواسێ و ئاینیش کردینی به برا، ئێستاش پێویسته له‌سه‌ر هه‌ردوولامان ئه‌و برایه‌تییه زیاتر بکه‌ین، بۆیه لێره‌وه بانگهێشتی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژووری بازرگانی و بازرگانانی کوردستان ده‌که‌م که بێن و سه‌ردانی پارێزگه‌ی گوڵستان بکه‌ن." پاشان ئاماژه‌ی به‌تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی پارێزگه‌که‌ی دا و وتی:"له‌گولستاندا زیاتر له 70 تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه، بۆ نموونه زیاتر له 80 ناوچه‌ی گه‌شتیاری و دووه‌م گه‌وره‌ترین دیوار له‌جیهاندا هه‌یه و له‌رووی به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتون و گۆشتی مریشکه‌وه به‌پله‌ی یه‌که‌م دێت له‌ئاستی ئێران‌دا." راشیگه‌یاند و وتی:"ئێمه له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا له‌سه‌ره‌تای رێگه‌یه‌کی دوور ودرێژی په‌یوه‌ندی و چالاکییه ئابوورییه‌کانداین." پاشان ئه‌ندامانی شاندی میوان وێڕای ناساندنی خۆیان و پێگه‌ی کارکردنیان و سروشتی کاری ده‌زگه و کۆمپانیاکانیان، کۆمه‌ڵێک پرسیاریان ئاڕاسته‌ی ده‌سته‌ی کارگێڕی ژوور کرد، که سه‌رجه‌میان له‌چۆنێتی ده‌ستبه‌کاربوون و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی کارکردن له‌کوردستان و ره‌وشی هه‌رێم له‌سه‌رجه‌م بواره‌کان‌دا ده‌بینییه‌وه، هاوکات له‌لایه‌ن به‌ڕێز ئیبراهیم سۆفی جێگری سه‌رۆکی ژوور به‌وردی و تێروته‌سه‌ل وه‌ڵامی پێویستیان درایه‌وه. جێی ئاماژه‌یه، ئه‌و کۆمپانیا ئێر‌انییانه‌ی که له‌رێی نوێنه‌ره‌کانیانه‌وه سه‌ردانی باره‌گه‌ی ژووریان کرد، له‌بواره‌کانی بیناسازی و که‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌کانی باڵه‌خانه، کاره‌با، کێڵگه‌ی په‌له‌وه‌ر، به‌رهه‌مهێنانی گوڵ، ئارد و شه‌کر، دروستکردنی به‌نداو و رێگه‌وبان و تونێل، به‌رهه‌مه‌کانی نه‌وت و گاز، ساردکه‌ره‌وه و به‌فرگر، ده‌رمان و نه‌خۆشخانه، خۆراکی ئاژه‌ڵ، ئامێره‌کانی کێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌کان، ماسی و چه‌ند بوارێکی دیکه‌دا کار ده‌که‌ن.