×

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و زانکۆی جیهان - هەولێر، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە، 2025/6/29، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە یاوەری حاجی ئیسماعیل سورچی، ئیبراهیم محەممەد ئاغا و رەشید مستەفا میرخان، ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور و هێمن فاروق نانەکەلی، بەڕێوبەری گشتی ژوور، سەردانی زانکۆی جیهان - هەولێریان کرد و لە لایەن د. نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی جیهان و د. ئەمجەد سابیر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی ناوبراو پێشوازیان لێکرا.
لە دانیشتنێکدا گفتوگۆ لەسەر هەماهەنگی نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و زانکۆی جیهان - هەولێر کرا، هەروەها تیشك خرایە سەر خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا، بە ئامانجی خزمەتکردن بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و چینی بازرگان و پیشەوەرانی ئەندام لە ژوور بە تایبەتی.
لە وتەیەکدا، کامەران سەڵاح باجگر، جێگری سەرۆکی ژوور، بە ناوی خۆی و ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور سوپاسی زانکۆی جیهانی کرد بۆ رەخساندنی دەرفەتی فێربوون بە خۆڕایی و هاوبەشی لەگەڵ ژوور لە ئەنجامدانی چالاکیەکان.
جێگری سەرۆکی ژوور رایگەیاند؛ جێگای خۆشحاڵیە وەکو هەنگاوی یەکەمی ئەم یاداشتە خولی فێربوونی زمانی چینی بۆ ئەندامان لە بازرگانان و پیشەوەران بەڕێوەدەچێت، بەهۆی پەیوەندیەکی بەهێزی بازرگانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان و سەردانی کردنی ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانانمان بۆ وڵاتی چین کە ژمارەیەکی زۆریان ئەم زمانە نازانن، گرنگی تایبەتی خۆی هەیە.
وتیشی؛ ئێمە وەك ئەنجومەنی کارگێڕی و تەواوی ستافی بەڕێوەبردنی ژوور ئامادەین کە ئەوەی لە دەستمان بێت لەگەڵ زانکۆی جیهان و هەر ناوەندێکی تر دەيكەین بۆ ئەوەی مێژوویەکی جوان سەبارەت بە بەرژەوەندیەکانی ئەندامەکانمان تۆمار بکەین.
هیوادارم بە هەموو لایەك بتوانین کاری باشتر بکەین بۆ پێشخستنی ئاست و توانای ئەندامەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر چونكه‌ فێركردن و بەرزكردنه‌وه‌ى تواناي مرۆيى ئه‌ندامه‌كانمان ئامانجى هه‌ميشه‌ييمانه‌.
پاشان یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و زانکۆی جیهان - هەولێر، واژووکرا.
شایانی باسە وەکو یەکەم هەنگاوی ئەم یاداشتە، بە هاوکاری بەشی لێکۆڵینەوە و کاروباری رێکخراوەکان لە ژوور و زانکۆی جیهان - هەولێر، خولی فێرکردنی زمانی چینی بۆ زیاتر لە 60 بازرگان و پیشەوەر ئەندام لە ژوورەکەمان بەڕێوەچوو.

بابەتێکی پەیوەندیدار